کاک حەسەن پەریزەن ، باوکی شەهید بازید پەریزەن، و گەورەی بنەماڵە، پاش ماوەیەک نەخۆشی ، ئەورۆ ١٥ی ٩ ی ٢٠١٧ لە بیمارستانی ورمێ کۆچی دوایی کرد.
کاک حەسەن خەلکی ئاوایی قەمتەرەی ناوچەی محالی مەهاباد، بوو. کەسایەتێکی خۆشناو و جێگای رێز و پیاوێکی لەسەرخۆ، هێدی و سەنگین، دەنێو خەلکی ناوچەی مەهابادا جێگای ریز و متمانە بوو. باوکی کاک حەسەن ، کاک محەممەد پەریزەن کەسایەتێکی ناسراو، و یەکێک لە ئەندامانی دڵسۆز و باوڕپێکراوی حیزبی دێمۆکرات بوو. کاک محەممەد لە نزیکان و هاوکارانی شەهید مەلا مەحمودی زەنگەنە و تێکۆشەرانی ساڵانی ٤٦، ٤٧ بوو.
کاک حەسەن پەریزەن، باوکی شەهید بازید، پاش شەهید کرانی کورە قارەمانەکەی، و بێ تاوان زیندانی کردنی دوو کوری دیکەی، قەت نەیتوانی بەتەواوی سڵامەتی خۆی بەدەست بێنێتەوە.
شەهید بازید پەریزەن، پێشمەرگەی هێزی پێشەوا، لە مانگی سەرماوەزی ١٣٧٣ی هەتاوی لە رێگای خائین و خۆفرۆشێک ، لە گەرەکی سەربەرداشانی مەباهاد، کەوتە بۆسەی ئیتلاعاتی مەهاباد و بە دیل گیرا.
بازید پەریزەن، ئەو قارەمانەی کە زیندان بان و ئەشگەنجەگەرانی سپای پاسداران بە دوساڵ زیندانی و ئەشکەنجە نەیانتوانی بە جۆکی دابێنن، و قارەمانانە بەگژیاندادەچۆوە، لە هاوینی ساڵی ١٣٧٥ هەتاوی بە دراندانەترین شێوە شەهیدیان کرد.
خوا لێخوشبوو کاک حەسەن و هەموو بنەماڵەکەی کەسانێکی خۆش نیو و جێگای رێزی خەلکی ناوچەن و کاک محەممەدی پەریزەنی گەورە بابیان لە ئەندامان و کەسانی خۆش نیوی حیزب و خەڵکی محالی مەهابادن
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پێشکەش کردنی پرسەو سەرەخۆشی لە سەرجەم کەسوکاری کاک حەسەن پەریزەن ، بەتایبەتی بنەماڵەی بەڕیزیان، خۆی بە شەریک و بەشدار لە خەمیان دەزانێ.