رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ١ی گوڵانی ١٣٩٤ (٢١ ی ئاپریلی ٢٠١٥)، بە پێی قسەی حوسێنعەلی ئەمیری- وتەبێژی وزارەتی نێوخۆ- راگەیاندرا کە کۆمیسیۆنی مادەی ١٠ی ئەحزاب، ئیزنی بە دامەزرانی حیزبێک بە ناوی ” اتحاد ملت ایران” ، داوە.
بە پێی باس و لێکدانەوکان دامەزرانی ئەو حیزبە نوێیە لە پەڕاوێزی ئیزن دان بەچالاکیی کەسانێک کە لە نێوخۆی رێژیم دان، و دەکەوێتە چوارچێوەی تێکەڵاوییەک لە “ئاڵوگۆڕخوازانی دەوڵەتی و مام ناوەندی (ئیعتیدال)” و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی لە دوای هەڵبژێرانی محەممەدی خاتەمی دامەزرابوون و لە مەجلیسی شەشەم دا، کورسی گەلێکی سەوزی بەهارستانیان وەدەست خستبوو. بەتایبەتی بەرەی موشارەکەتی ئێرانی ئیسلامی کە لە دوای رووداوەکانی کودێتا لە دەنگەکانی خەڵکانی بەرایی ئێران لە ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) دا، هەڵوشاوە راگەیاندرا.
لە ئیزن دان بە دامەزرانی ئەو حیزبە و ڕێکخراوی دیکەی لەوچەشنە وەک: حیزبی نەدای ئێران، کە پێشتر ئیزنی دامەزرانی پێدرا و لاوانەیە لە داهاتوو دا، ژمارەیان پتر بێ. بەڵام تایبەتمەندییەکی دیکە کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامی و هەڵبژاردنی مەجلیسەکانی دا وێنەی نەبووە، یەکخستنی بەڕێوەچوونی مەجلیسی شووڕا- لە خولی دەیەم دا-، و مەجلیسی خیبرەگانی رێبەری- لە خولی پێنجەم- کە بڕیارە لە ٧ی رەشەممەی ١٣٩٤ (٢٠١٦) دا، بەڕێوە بچن.
لە مەجلیسی شووڕا و لە یەکەم خولیەوە – کە لە کاتی هەڵبژاردن دا، ناوی مەجلیسی شووڕای میللی بوو، نیمچە ئازادییەکیش هەبوو، کە حیزب و رێکخراوە جیابیر و موخالیفەکانیش، یەکێک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستان تێدا بەشدار بوو. بەڵام فەزای سیاسی گۆڕا و ئیزن بە نوێنەرانی هەڵبژێراوی حیزب لەو مەجلیسە، نەدرا.- پاشان لە مەجلیسەکانی دوویەم هەتا نۆیەم کەم و زۆر نوێنەرانی سەر بە حیزب و رێکخراوی دەوڵەتی و نادەوڵەتی و فراکسیۆنی جۆراوجۆری تێدا، هەبووە.
بەڵام لە مەجلیسی خیبرەگانی رێبەری- کە تایبەتی رووحانییەکان و ئەویش لە رادەی “ئایەتوڵڵا” دایە-، جیاوازە. خۆئامادەکردنی حیزب و رێکخراوەکانی تازە دامەزراو- کە بەرنامەی چاکسازی شیان هەبێ-، چۆن دەتوانن ئەو خەتە سوورە توندە کاڵ کەنەوە و بەرەو زەرد و سەوزی بەرن، لێی وەژووکەون؟ زۆر جێی تێڕامانە!
پێش ئیزن دان، بە حیزبی “یەکیەتیی میللەتی ئێران”، تلویزیونی بی بی سی، وتووێژێکی لەسەر داخوازی ئەو رێکخراوە، لەگەڵ دوو کەس لە شارەزایان، موجتەبا واحیدی و دکتور مێهدی خەزعەلی پێک هێنا.
واحیدی کە راوێژکاری کەرووبی و ئەندامی حیزبی ئیعتیمادی میللی و سەرنووسەری پێشووی رۆژنامەی ئافتابی یەزد بوو-، پێی وابوو: ئەگەر حیزب بەمانای راستیی خۆی دامەزرێ، بۆ فەزای سیاسی ئێرانێ زۆر باش دەبێ. ئەو حیزبە چ ئاڵوگۆر خواز بێ یا ئوسوولگەرا. ئەو شکی هەبوو کە حیزبی ئیزن پێدراو لە لایەن حکوومەت، حیزبێکی واقعی بێ. چونکە یەکێک لە مەرجەکانی ئەو حیزبە، شەفافییەتە. لە کاتێک دا، کە ئیمکانی تێکۆشانی ئازاد و میدیای ئازاد و ئەمنییەتی پاراستن نەبێ، ئەو حیزبە چۆن دەتوانێ هەلومەرجی گۆڕان پێک بێنێ؟
هەروەها، ئەگەر قەراربێ ئەو کەسانەی حیزبی نوێ دادەمەزرێنن، بەشان و باڵی مقاماتی حکوومەت هەڵبڵێن، ئەو حیزبانە زۆرن و بۆ ئی نوێیان پێوە زیاد دەکەن. بەڵام ئەگەر حیزبێک بێ و روون و شەفاف بێ و بڵێ:”زانین مافی گەلە”، دەبێ هەزینە و مەترسییەکەی قبوڵ بکا. بێ بوێری و هەزینە دان، لە ئێران کاری سیاسی راستەقینە ناکرێ.
دکتور خەزعەلی- وێبڵاگ نووس گوتی: تەواوی سیاسییەکان لە هەلومەرجی ئێرانی ئەمڕۆدا، لە حیزبێکی کە ٥١%ی دەنگەکان بێنێتەوە، نائومێدن. سەید محەممەد خاتەمی دەڵێ: ئەگەر حیزبێک زۆریش بەهێز بێ، ئەوانە بەشەوێکی دایدەخەن. قوڵی دەسەڵاتدار ئەگەر حیزبێک گەورە و بەهێز بێ، تەحەمولی ناکا. بەڵام ئەگەر چووکە بوو، ٢٠٠ دانەش بن گرینگ نییە بۆیان.
خەزعەلی پێی وایە: حیزبی نوێ پێویستە دامەزرێن، زۆربەی خەڵک ئەندامی بن، بە چەند حیزبان ئیتیلافێکی گەورە دروست کەن، یارمەتی دەوڵەتی رووحانی بکەن، کە هێزێکی چووکەی لەو کۆمەڵگایەی بدەستە. لەوەندە دەسەڵاتەش دا، گوزینش و رەدی سەلاحییەت و لێپێچینەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بەدەست ئەو کەسانەن کە پێشتر بوون. ئێستا هەمەکارە نیزامییەکانن. ئێمە دەبێ وەک تورکیە بەهۆی دەنگ دان، نیزامییەکان لەسەرکارە ئیجراییەکان لابرین و لە سیاسەت و ئابووری دووریان خەینەوە. بەهۆی حیزبەکان دەبێ خەڵک سازمان بدەین. ١٠ حیزبیش ببستن، پێویستە حیزبی یازدەیەم بە ستایل و دەموچای نوێ دروست کەینەوە.
ناوبراو گوتی: لە هەڵبژرادنی پێشوو هەموو دەیانوت تەحریم. بەڵام ئێمە دەربیجەیەکمان کردوە؛ کە ئێستا دەتوانیین قسەی خۆمان بکەین. ئێمە لە هەڵبژاردنی ٨٨یش بەتەواوی سەرکەوتین، لەبەر ئەوەی دەمامکمان لەسەر دەموچاوی زۆران داماڵی. ئێمە دەمامکمان لەسەر قۆڵی دەسەڵاتدار هەڵگرت و رووی راستەقینەیمان بە خەڵک نیشان دا، ئێمە براوە بووین. بۆیە پێویستە هەنگاو بە هەنگاو بچینە پێش و زۆربەی کورسییەکانی ئەو دوو مەجلیسە وەدەست بێنین.
بە هەڵسەنگاندنی ئەو دوو بۆچونە جیاوازە- کە رۆژانێک هەردووکیان و لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتە دابوون، کە ئێستا موخالیف و رەخنەگرن-، و راستییەکانی زۆرترو بەرفراوانتر کە هەتا دادەکشێنە نێو خەڵک و تایبەتی بە زۆرترین رێژەی حەشیمەتی ژێر هێلی هەژاری دان. شپرزەیی ئابووری، رێژەی زۆری بێکاری، سەرکوتی بەردەوام، نەبوونی ئەمنییەتی ژیانی و گیانی ناڕازییەکان، گیرۆدەبوانی مادە هۆشبەرەکان، لەژێر پێ نانی بەردوامی رۆژانەی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی، پێ شێل کاری مافی نەتەوەکانی ژێر ستەمی دووقات، کوژرانی کوڵبەرانی کورد لە سنوورە دەست کردەکان، ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و بڕینەوەی سەزای قورس و تەنانەت ئێعدام بۆ چالاکانی مەدەنی، خوڵقاندنی گەورەترین قەیرانی ئیمکانات هەڵگری مادی پرۆژەی ئەتۆمی- کە رێژیم دوای سەپاندی ٦ بڕیارنامەی نێونەتەوەیی، ناچار بە پاشەکشە بووە-، خۆ تێوەردان و هەزینە دانانی زەبەلەح لە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نیوڕاست و خوڵقاندنی شەڕ و ماڵوێرانی و تێرۆریسم بە بیانووی” ناردنە دەرەوەی شۆڕش”، تیرۆری موخالیفان و جیابیران لەنێوخۆ و دەرەوە، بەشێک تابڵۆکانی قەیرانی جۆراروجۆرن کە دەروەست هاتینان، کاری ئەو جۆرە حیزب سازییە لە نێوخۆی ئێران دا، نییە. مافی حیزبی موخالیفش هەر جێی نییە.
هەرچەند، بە مەدەنی کردنی روخساری دژی گەلی، نیزامیی، ئەمنییەتی، مافیایی کە پارێزگاری لە دەسەڵاتی رەهای وەلی موتڵەقەی فەقیە، کارێکی ئەرێنیە. جێی ئاماژەیە کە ئێران و تورکیە زۆریان جیاوازی هەیە. لانی کەم دوای کوودێتای ١٩٨٠ نیزامییەکان لەو وڵاتە، پتر لە چارگە سەدەیەکە، ئەحزاب و ڕێکخراوی سیاسی کە ژمارەیان زۆرە، نیهادینە بووە و بەشێکیان متمانەی زۆری خەڵکیان بۆ لای خۆیان راکێشاوە و وەڵامدەری یاسای خۆیانن و بەردەوام خەریکی ئاڵوگۆڕن. تورکیە لە پڕۆسەی پەیوەست بوون بە یەکیەتیی ئوورپا دایە.
لە هەلومەرجی ئێستا دا، بۆ رەخسانی بەرفراوانی چالاکییە مەدنییەکان، و ئەرکدار کردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەپێی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی کە بەهۆی پێشکاری بەردەوام بە دژی گەلانی ئێران، ژنان، لاوان، زیندانییە سیاسییەکان، کەمایەتییە مەزهەبییەکان و…. گەمارۆی تایبەتیشی لەسەرە، دەتوانێ دەرفەتێک بێ کە رێژیم لەوبوارەش دا، پاشەکشەی پێ بکرێ.
حەسەن حاتەمی
٢٤ ی ئاوریلی ٢٠١٥