شەریف باجوەر چالاکی مەدەنی و ژێنگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان کە بە نیشانەی نارەزایەتیی دەربڕێن بە دژی کوڵبەر کوشتن و هەروەها پشتیوانی کردن لە ڕەزا شەهابی چالاکی کرێکاریی مانگرتوو لە زیندان، بە دوچەرخە لێیخۆڕین، لە مەریوانەوە بەرەو تاران بەڕێکەوتووە، لە لایەن خەڵکی شارەکانی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.
ئەو چالاکە مەدەنییە بۆ گەیاندنی پەیامی خۆی بە تاران وەکوو ناوەندی بڕیاردان، لە مەریوانەوە بەرەو تاران بەڕێکەوتووە و لە لایەن خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان بە تایبەتی ژینگەپارێزان و چالاکانی مەدەنی پێشوازی لێکرا.
رۆژی ٢٠خەرمانان شەریف باجوەر بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک مەبەست لەو هەڵمەتە مەدەنیyانە لە چەند خاڵدا باس کرد کە بریتین لە:
بەرگریی کردن لە دۆخی کۆڵبەران لە کوردستان و نارەزایەتیی دەربڕین لە هەمبەر کوشتنی کۆڵبەرانی کورد و دووپاتبوونەوەی ئەو کارەساتە.
پشتیوانی کردن لە ڕەزا شەهابی چالاکی کرێکاری و ئاتێنا دایمی، هاسۆزی کردن لە گەڵ قوربانیانی شەڕو ناکۆکییەکانی وڵاتی میانمار وبانگهێشت کردنی خەڵک بۆ بەشداریی کردن لە چالاکیی مەدەنییانەوە ناوزەد کردنی پێنجشەممە بە ناوی رۆژی مێهربانی و هەوڵدان بۆ سرێنەوە هەرچەشنە توندوتیژی و پەرەپێدان بە روحی مرۆڤایەتی.
ئەو چالاکە مەدەنییە لە رۆژانی رابردوو لە شارەکانی کوردستان وەکوو شاری سنەو دێولان و قوروە پێشوازی لێکرا و هەروەها هەڵمەتە مەدەنییانەکەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی هەبووە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە شەریف باجوەر ئەندامی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان ساڵی ڕابردووش بە نیشانەی نارەزایەتیی دەربڕێن بەرانبەر بە ئاژڵکوژی بۆ ماوەیەک مانی لە خواردن گرتن و بە پیاسە لە مەریوانەوە بۆ سەلاس باوەجانی بەڕێکەوت و لە دزڵی لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.