یەکەم فێستیڤاڵی ناوچەیی مۆسیقا و میلۆدییە کۆنەکانی تەموور (تەموورە) ڕۆژی ڕابردوو بە بەشداریی ٧٠ هونەرمەندی کوردی یارسان و چەند هونەرمەندێکی ناودار لە گوندی (بانزەلانی سەروو)ی ناوچەی داڵاهۆی سەر بە کرماشان دەستی پێکرد.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ناوچەییەکان کرماشان، یەکەم فێسستیڤاڵی ناوچەیی میلۆدییە کۆنەکانی تەمبوور کە دوێنێ لە گوندی بانزەلانی سەرووی شاری داڵاهۆ دەستی پێ کردووە، تێیدا ٧٠ هونەرمەندی کوردی یارسان لە تاران، کەرەج و شارەکانی دیکەی پارێزگای کرماشان لە چوارچێوەی 13 گرووپدا بەشدارن.
فێستیڤاڵەکە لە دوو بەشی گرووپی و تاکژەندیدا بەڕێوە دەچێ و تێیدا شارام نازری، کەیهان کەلهوڕ دوو هونەرمەندی ناسراوی کورد و حوسێن عەلیزادە ژەنیار و ئاوازدانەری فارس بەشدارن.
هاوکات لە فێستیڤاڵەکەدا گرووپەکانی ژەنیاری تەمبوورە وەک “سیمۆرغ، سەرانە داڵاهۆ، میهرەکان، ئاڵابەر، عاشقان و خامۆش” بەشدارن کە ئەمڕۆ گرووپی تەمەنیی “ئەلف” چالاکییان دەبێ و ئێوارەش گرووپەکانی “سی ڕووبار و تەشار” لە دوو بەرنامەی جیاوازدا بەشدار دەبن و هاوکات ڕێوڕەسمی کردنەوەی “خانەی تەمبوور”یش بەڕێوە دەچێ.
بەپێی زانیارییەکان لەم فێستیڤاڵەدا ڕێبەران چالاکوانانی ئایینی یارسانیش بەشدارن.
تەمبوور (تەنبوور، یان تەموور، یان تەمیرە یان تەموورە) ناوی ئامێرێکی مۆسیقایی تایبەتە بە کورد، ئەم ئامێرە لە کاسەیەکی گەورەی باڵ درێژ پێکھاتووە کە چوار تاڵ ژێی بەسەردا تێدەپەڕێ و بە قامک دەژەنرێت.
تەموور سازێکی تایبەتی ئایینی یارسانە کە زۆرتر لە ناوچەکانی کرماشان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان باوە، شوێنکەوتوانی ئایینی یارسان وەک سازێکی پیرۆز لە بۆنە ئایینییەکاندا کەڵکی لێ وەردەگرن.