زۆرانبازێکی لاوی کرماشانی لە کێبڕکێی لاوانی جیهان لە وڵاتی یونان توانی پلەی سێیەم بە دەست بهێنێ.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، “مەیسەم زارع” زۆرانبازی لاوی کرماشانی لە کێشی ٧٦ کیلۆدا توانی بچێتە یاری پێش کۆتایی و پلەی سێهەم بەدەست بهێنێ.
فێستیڤاڵی زۆرانی تازەلاوانی جیهان لەڕێکەوتی ١٣ هەتا ١٥ ی خەرمانان بۆ زۆرانی فەرەنگی کار و ١٧ تا ١٩ی خەرمانان بۆ زۆرانی ئازاد لە وڵاتی یونان بەڕێوە چوو.
موجتەبا جوهەری بەرپرسی پێشووی وەرزش و لاوانی کرماشان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی “هەمشەهری” گوتوویەتی: وەرزشکارانی کرماشانی تەنیا لە ساڵی ١٣٩٤دا ١٤٢١ میداڵیان بە دەست هێناوە کە ٥٣ میدالی جیهانی، ٢٨ میدالی ئاسیایی، ٧٧ میدالی نێونەتەوەیی و ١٢٦٧ میدالیش لە کێبڕکیەکانی نێوخۆی وڵات بووە.
نەبوونی پشتیوانی و پشت گوێخستنی بارودۆخی وەرزشی لە شارە کوردنشینەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێران و نەبوونی ژێرخانی گونجاو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزشی ئەم شارانە بووەتە هۆی لە نێوچوونی تواناییەکانی وەرزشوانان.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ وەرزش و لە هەواڵێکی دیکەدا تێکواندۆکارێکی خەڵکی شاری ئیلام بە ناوی” جابر یاسمی” توانی بە شکست دانی ڕکەبەرەکانی لە کێبڕکێی تێکواندۆ لە وڵاتی ماڵێزی میداڵی زێری ئەو کێبڕکێیە بەرێتەوە.
ئەم کێبڕکێی نێونەتەوەیی تێکواندۆە، بە بەشداری ٥٠٠ وەرزشوان لە ٥٠ وڵاتی جیهان لە وڵاتی ماڵێزی بەڕێوە چوو.