لە هەیوانی دڵی مندا
هەمیشە ژنێکی غەریب، پێکەنینێکی نامۆ،
سێبەرێکی شەرمن!!!!!
مشتی هەناسەی سواو، سواو لە ئۆغرکردندا
پرچی ئاڵۆزاوی بایەکی هیلاک هیلاک
چاوشارکێ لەگەڵ ڕووناکی هەتاودا دەکەن،
ماچ دەخەنە ئاوێنەی نیگای خۆر
دڵ پڕ دەبی لە خاڵی بوونەوە، گیان ون دەبێ…
دەم هەوێ لەبیر خۆم بچمەوە من
لەدڵی ئەویشدا بڕزم!!!!!!!!!!!
ژنبوون لە تەزووی ڕوحێکی گەرمدا بهۆنمەوە.
تاسەی خەیاڵی ژنانەم
لەفەقێیانەی کراسەکەمدا کۆکەمەوە
لە هەیوانی دڵمدا من، چەندە حەزدەکەم
ئاو ڕەنگ بگرێ، گریان بزە ڕاموسێ…
کەچی
تاریکی دێ، دەستەکانی دەخاتە سەر شانم،
من ڕەنگی بارانێکی پەشۆکاو ، گەڵایکی زەردهەڵگەڕاو
نیشتووە لێم،،،،،
بۆنی وەرزێکی غەمگین دەگرم من.
لەگەڵما دێ تا ئەوپەڕی ئاوابون،
خەم!!!
لەگەڵیا دەبم تا کەناری دۆزینەوە،
نیگای گەرمی چاوە ماندوەکانی
هەتاو!!!!
لەگەڵما دەبێ ژن بوون تا لێواری گوڵ کردن،،
تا گەیشتن بە ئەبەدیەت
لە هەیوانی دڵی مندا
جریوەی دێ بەهار لەگەل ئەودا
عەتری مانەوە دەردەکا ژیان
بەدیار ڕووناکیی چرایەکەوە
بە خۆم و کراسێکی ڕەنگ ژنانەوە
دەڕۆم تا نیگای پر لە ئەوینمان
بدۆزمەوە،
تا هەیوانی دڵم ئاوڕشین کەم