نووسەر و وەرگێڕێکی کوردی خەڵکی دەڤەری ورمێ و هونەرمەندێکی خەڵکی مەهاباد کۆچی دوایییان کرد.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان ڕۆژی یەکشەممە سەید حوسێن موسلێحزادە گیلانی، ناسراو بە “کاروان کۆچەر” نووسەر، وەرگێڕ و ڕەخنەگری ئەدەبیی خەڵکی گوندی “ژاراوا”ی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ کۆچی دوایی کرد.
کاروان کۆچەر، یەکێک لە نووسەرە ناسراو و دیارەکانی دەڤەری ورمێ بوو کە جێ پەنجەی دیارە و سەرقاڵی نووسین و وەرگێڕان و کاری ئەدەبی بووە.
هەندێک لە بەرەهەمەکانی بریتین لە: “وەرگێڕانی ڕۆمانێکی دکتۆر ئیبراهیم یوونسی بۆ سەر زمانی کوردی، هاوکات ڕۆمانی “ئەوکاتەی ماسییەکان توونی دەبن” بەرهەمی حەلیم یووسف، نووسەری کوردی ڕۆژئاوای کوردستانی بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێراوە. لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردی و فارسییەکاندا چەندین بابەت و وتاری بڵاو کردووەتەوە کە “ڕێپۆرتاژەکانی شەمزینان” یەک لەوانەیە.
هەر لەو پێوەندییەدا و لە هەواڵێکی دیکەدا لە هەمان ڕۆژدا جەلال جەهانگیری، هونەرمەندی کوردی خەڵکی مەهاباد و دەورگێڕی دەنگی “شرێک” لە فلیم کارتۆنی شرێکدا، لە تەمەنی ٤٥ ساڵیدا و بەهۆی وەستانی دڵ کۆچی دوایی کرد.
جەلال جەهانگیری، هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەری کورد و کارمەندی رادیو- تلویزیونی مەهاباد بووە کە هەمیشە خەمی کوردی لە دڵدا بوو و هەوڵی بۆ دەدا، لە کاتێکدا کە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی لە مەهاباد، ئیزنی کاری چالاکانە بە زمانی کوردی بۆ منداڵانی نەدەدا، جەلال جەهانگیری و چەند هونەرمەندێکی دیکەی هاوڕێی، چەند زنجیرە کارتۆنێکی بەرچاویان بە زمانی کوردی بڵاو کردەوە.