خوێندکارێکی کورد خەڵکی شاری مەریوان بە بیانووی ئەستیرەداربوونی کارنامەکەی لە مافی خوێندن لە ئاستی کارناسی باڵا بێبەری کرا.
فەرهاد شەفیع زادە خەڵکی شاری مەریوان و خوێندکاری زانکۆی شاری تەورێز بە بیانووی ئەستێرەداربوونی کارنامەکەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان و حەراسەتی زانکۆی شاری تەورێز، ڕێگریان لە درێژەپێدانی خوێندنی ئەو خوێندکارە کوردە کردوە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، فەرهاد شەفیع زادە پاش سەردانی بۆ “سازمان سنجش ” لەلایەن بەرپرسانی ئەو ئیدارەوە پێیان راگەیاندووە، ناوەندەکانی حەراسەتی زانکۆ و ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دژایەتی خۆیان لەگەڵ درێژپێدانی خوێندنی ئەو خوێندکارە کوردە دەربڕیوە.
هەروەها فەرهاد شەفیع زادە لە تاقیکاری کارناسی باڵای ئەمساڵ بە دەرەجەی “٥٧” لە بەشی فەلسەفەی ڕۆژئاوا لە زانکۆی تەورێز قەبووڵ بووە، بەڵام ئەو دوو ناوەندە لە درێژەپێدانی خوێندن ڕێگریان کردووە.
پێشتریش، فەرهاد شەفیع زادە لە ٢٠ی خەرمانانی ساڵی٩٣ ، لە شاری مەریوان بەتۆمەتی “شێواندنی ڕای گشتی و ڕەخنە گرتن لە کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵات” لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو.
شایانی باسە فەرهاد شەفیعزادە ئەندامی شوورای ناوەندیی کانوونی فەرهەنگی _ کۆمەڵایەتیی زاگرۆس و ئەندامی دەستەی نووسەرانی بڵاوڤۆکی “ئاستانە” بووە کە لەلایەن حەراسەتی زانکۆی تەورێزەوە بە دوو تێرم هەڵپەساردن لە خوێندن وێڕای ڕەچاو نەکردنی ساڵەکانی خوێندن، و هەروەها بێبەش کردنی لە خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی تا کۆتایی خوێندنەکەی مەحکوم کرابوو.