ڕۆژێك پاش بانگكرانی کارداری ئێران لە مەنامە بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتی ئەو وڵاتە لە بابەت قسەكانی ئەم دواییانەی خامنەیی کە لەسەر كۆمەڵێك لە وڵاتانی عەرەبی کردبوونی، نوێنەری بەحرەینیش لە تاران لە لایەن وەزارەتی دەرەوە بانگ كراوەو كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بە توندی ناڕەزایەتیی خۆی بە ناوبراو ڕاگەیاندووە.
بانگكرانی کارداری بەحرەین ڕۆژێك پاش ئەوە بووە كە ڕاگەیەنە عەرەبییەكان باسیان لە بانگکرانی نوێنەری کارداری لە مەنامە بۆ وەزارەتخانەی دەرەوەی بەحرەین كردبوو.
ئەم ڕاپۆرتانە هەروەها باس لەوە دەكەن كە بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لە دیدار لەگەڵ محەممەدڕەزا بابایی، كارداری ئێران قسەكانی ئەم دواییانەی عەلی خامنەیی بە دەستێوەردانی ڕاشكاوانە لە كاروباری نێوخۆیی یەمەنو پێشێلكردنی قانوونە نێودەوڵەتییەكانو پڕەنسیپەکانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان داناوە.
ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە قسەكانی ئەم دواییانەی لە ڕۆژی شەممە ٢٦ی بانەمەڕدا، خەڵكی یەمەن، بەحرەینو فەلەستینی بە “نەتەوە ستەم لێكراوەكان” لە قەڵەم دابوو، ئەو گوتبووی هەرچەند بتوانینو لە دەستمان بێ بەرگری لە خەڵکی مەزلووم دەكەین و لەگەڵ زاڵمان بە شەڕ دێین.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پێوەندییەكانی نێوان ئێران و بەحرەین بەردەام تووشی سەراولێژی بوە. گرژی و ئاڵۆزی نێوان ئەم دوو وڵاتە نزیكەی ٤ ساڵ لەمەوبەر و هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی بشێویو نائارامییەكان و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵك بەدژی حكوومەتی بەحرەین پەرەی سەند. ئێران لەو كاتدا سەركوتی ناڕازییەکانی مەحكووم دەكردو لە بەرامبەردا بەحرەینیش كۆماری ئیسلامی بە پشتیوانی كردن لە ناڕازییانی شیعەو دەستێوەردانی بەرچاو لە كاروباری نێوخۆیی ئەم وڵاتە تاونبار دەكرد.
شایانی باسە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، قەیرانی یەمەن بۆتە هۆی چڕ بوونەوەی گرژییەكان لەم ناوچەیە و یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی قسەكانی خامنەیی ئەوە بووە.