شەڕی و کێشەی نێوان چوار کرێکاری کورد لەگەڵ خاوەنکارەکەیان لە شاری قەزوێن دەسبەسەرکرانی هەر چوار کرێکارەکەی لێکەوتەوە.
ڕۆژی ڕابردوو ١٨ی خەرمانان، چوار کرێکاری کوردی خەڵکی شاری سەردەشت زانیاری عومەری، مەحموود مونعەمی ئەسڵ، عوسمان بوورکی و محەممەد محەممەدزادە
بە هۆی شەڕ لەگەڵ خاوەنکارەکەیان لە تاکستانی قەزوین لە لایەن یەکێک لە کلانتەرییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کران.
کەسێکی نزیک لەوە ڕووداوە ڕاگەیاند: ئەو چوار کڕێکارە کوردە بۆ “ترێ ڕنین” ڕۆیشتوونەتە تاکستانی قەزوین و پاش تەواوبوونی کارەکەیان داوای پارەکەیان دەکەن و خاوەنکارەکەشیان بە ناوی “مەحموود تاهیری” بێڕێزیان پێی و دەکا و لە ئەنجامدا، تووشی شەڕ و کێشە دەبەن و ئەو چوار کرێکارە کوردە ئێستا لە یەکێک لە کلانتەرییەکانی شاری قەزوین ڕاگیراون.
شایانی باسە بە هۆی نەبوونی هەڵی کار و بەرزبوونەوەی بێکاری لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، کرێکارانی کورد بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکەن و زۆر جار لەگەڵ گرتن و ڕووداوی نەخوازراوی گیان لە دەستدان بەرەڕوو دەبنەوە.