بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری پیرانشار، کاسبکاڕیک بوو بە قوربانی و گیانی لە دەست دا.
سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ١٧ی خەرمانان، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم جێگیر لە پاسگای”سێڵوێ” شاری پیرانشار، ماشێنی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی سالار، خوڵکی شاری مەهاباد کە دانەوێڵەی پێ بووە داوەتە بەر دەستڕیژ و لە ئاکامدا گیانی لە دەستدا.
بە پێی زانیارییەکان، هێزەکانی پاسگای سێڵوێ بە بێئاگادار کردنەوەی پێشوو لە سێڕییانی “پیرکانیان” ـی سەربە شاری پیرانشار ڕاستەوخۆ تەقەیان لە ماشێنی ئەو کاسبکارە کوردە کردوە و لە ئاکامدا گیانی لێ ستێندراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 15ی خەرمانان شۆڕش قادرزادە، خەڵکی تازاوای سەر بە تیلەکۆی سەقز کە چۆدار بووە، بۆ کڕین و فرۆشتنی مەڕوماڵات دەچێتە چەند گوندێکی سنووریی ناوچەی سەقز، بەڵام بێ هۆ و سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە دەدرێتە بەر دەستڕێژ و بە برینداریش بە قۆنداغە تفەنگ هەتا سنووری مردن لێی دراوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو دوای گوێزرانەوەی بۆ نەخۆشخانەی سەقز دەسبەجێ یەکێک لە گورچیلەکانی دەردێنن و نەشتەرگەری بۆ لەگەنی شکاوی دەکەن، کەچی عەمەلەکە سەرکەوتوو نابێ و هەر دوو لاقیشی لە دەست دەدا.
ڕەفتاری دژەمرۆیی و دوژمنکارانەی هێزە ئینتیزامییەکانی سەقز لەگەڵ ئەو کاسبکار و چۆدارە بێدەرەتان و بێتاوانە لە حاڵێک دایە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە کۆمەڵێک خۆپیشاندان بۆ نارەزایەتیدەربڕین بە کوشتوبڕی کۆڵبەران و کاسبکاران لە چەند شارێکی کوردستان دەستی پێکردوە.
ههر له پێوهندی لهگهڵ كاسبكاران و كوۆڵبهرانی كورد، كهسێك به ناوی خدری مام قادر به هۆی تهقینهوهی مین له سنووری دۆڵهبیی سهربه شاری سهردهشت لاقێكی پهڕی و بۆ چارهسهری پزیشكی به خێرایی بۆ ههرێمی كوردستان گواسترایهوه.