حەراسەتی ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی شاری سەقز بە دوای لەسەر کار لابردنی لە نەکاوی موهەندیس محەممەد بروومەند فەرهەنگیانی ناڕازی بانگ کرد و لە کار و بەڕێوبەرییەکانیان هەڵیان پەسارد.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان حەراسەتی ئیدارەی پەروەردە و فێرکردن، بەڕێوبەرانی ناڕازی لە هەمبەر گۆڕینی لەناکاوی بەرپرسی ئەم ئیدارەیە و فەرهەنگیانی بەشداربوو لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بانگ کران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئیدارەی پەروەردە و فێرکردن ڕاگەیاند: دوای کۆبوونەوەی مامۆستایانی ناڕازی لە شوێنی ئیدارەی پەروەردە و فێرکردن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر گۆڕینی لەناکاوی بەرپرسی ئەم ئیدارە، حەراسەت مامۆستایانی ناڕازی بانگ کردبوو و داوای لێ کردبوون بە شێوەی نووسراو پەشیمانی خۆیان دەرببڕن و لە هیچ کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە داهاتوودا بەشداری نەکەن.
هەروەها هێندێک لە مامۆستایانی ناڕازی لە کارەکانیان و پۆستە بەڕێوبەرییەکانیان دوور خراونەتەوەو لە داهاتوودا هیچ جۆرە پۆستێکی بەڕێوبەریشیان پێ نادرێ.
سەلاح حوسێنی چالاکی پیشەیی و مەدەنی شاری سەقز لە پۆستی بەڕێوبەری قوتابخانەی دواناوەندی شاهدی شاری سەقز وەلا نراوە و چالاکە پیشەیی مەدەنیەکانی دیکەی بەشداربوو لە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن حەراسەتەوە بانگ کراون و بە شێوەی نووسراو سزا دراون، هەتا لە داهاتوودا بە شێوەی پێویست لەگەڵیان مامەڵە بکرێ.
ڕۆژی دووشەممە ٦ی خەرمانان، ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی شاری سەقز لە پەیوەندی لەگەڵ دوورخستنەوەی لەناکاوی موهەندیس محەممەد بروومەند، بەرپرسی پێشووی ئیدارەی پەروەردە و فێرکردن ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بەڕێوبەرانی ناڕازی دەڵێن: هاوڕا نەبوونی بەرپرسی پەروەردە و فێرکردن لەگەڵ بەرپرسانی دیکە بەتایبەتی موحسێن بیگلەری نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیس، بووە هۆی ئەوەی کە موهەندیس محەمەمەد بروومەند لە کارەکەی وەلا بنرێ و کەسێکی دیکە لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە جێگەی دابنرێ.
شایانی باسە بەڕێوبەرانی ناڕازی ئەم کارەیان بە دەستێوەردان لە کارەکانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن و بێڕێزی بە کۆمەڵگای فەرهەنگیی سەقز پێناسە کرد