سێ هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری کامیاران، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خەرمانان، هێزە ئەمنیەتییەکان ٣ کەسی خەڵکی شاری کامیارانیان بە ناوەکانی ئیقباڵ قوبادی کوڕی ئەحمەد، هیوا نەدەیمی کوڕی محەممەد کەریم و کەیوومەرس نەدیمی کوڕی مارف دەسبەسەر کرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری کامیاران هیرشیان کردووتە سەر ماڵی ئەو ٣ کەسە و بە تۆمەتی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم و هەوڵدانی دژی ئەمنیەتی میللی دەسبەسەر کردوون و هەتا ئامادەکرانی ئەو هەواڵە چارەنووسییان ناڕوونە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان هیچ زانیارییەکیان لە مەڕ چۆنیەتی دەسبەسەرکران و شوێنی ڕاگرتنیان لە بەردەستدا نیە.
ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، خەڵکی گوندەکانی مێسووراو و زیوییە و دانیشتووی شاری کامیاران بوون.
هەر لەو پەیوندییەدا، نزیک ١٠ ڕۆژ پێش هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری مەهاباد، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی “شەماڵ عەزیزی” تەمەن ٢٧ ساڵ دەسبەسەر کرد.