لە درێژەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەمبەر کوشتنی کۆڵبەرانی کورد، زیاتر لە ١٠٠ پارێزەری کورد بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک وێڕای مەحکومکردنی کوشتنی کۆڵبەران، داوای سزای یاساییان بۆ بکوژان کردووە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاوتووە: “دیسان گوللەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، بەبێ هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی ڕاستەوخۆ دڵ و سینگی کۆڵبەرانی بێتاوانی کردە ئامانج و خەڵتانی خوێنی کردن”.
ئەوە یەکەمجار نیە کە کۆڵبەرانی کورد بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنەکان بەو چەشنەی کە لە یاسای بەکارهێنانی چەکدا هاتووە، دەکرێنە ئامانجی گوللەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان و دەیان بنەماڵەی هەژار هەتیو دەکەون، بۆیە هەتا ئەوکاتەی ئیرادەی میللی بۆ ڕاگرتنی کوشتنی کۆڵبەران بەدی نەیەت، ئەم ڕەوتە هەر بەردەوامە”.
لە کۆتاییدا ئەو پارێزەرە کوردانە سێ خاڵی وەک ڕاگرتنی دەستبەجێی بەکارهێنانی چەک و توندوتیژی لەدژی کۆڵبەران، بەردواداچوونی دادپەروەرانە و بەبێ هەڵاواردن و جیاوازی بۆ تاوانی هەموو ئەو کەسانەی لە تەقەکردن لە کۆڵبەران، کوژران یان بریندارکردنیاندا بەشدار و هاوبەش بوون و پێداگری لەسەر بەدواداچوون لەبارەی بکوژانی سەرەکیی کۆڵبەران دەستنیشان کردووە.
حەوتووی ڕابردوو لە سنووری هەنگەژاڵی بانە دوو کۆڵبەری کورد لەلایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران درانە بەر دەستڕێژ و گیانیان لەدەست دا، ئەم ڕووداوە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵکی شارەکانی بانە و سنە و کرماشانی لێکەوتەوە و نزیکەی ٤٠ کەس دەستگیر کران، هاوکات چواردە هاووڵاتیش لە بانە بریندار بوون، بەشێک لە گیراوەکان ئازاد کراون.