پاش ئەوەی كچێكی لاوی خەڵكی شاری سنە بە هۆی كەمتەرخەمیو هەڵەی پزیشكی گیانی لەدەستدا، لە ئێستادا نە ناوەندە قەزاییو نە بەڕێوەبەریی ئیداریی بێهداشتی سنە وەڵامی داواو بەدواداچوونی ئەو بنەماڵەیە نادەنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماف نیوز، پاش مردنی دڵنیا ڕەحیمی كە بۆ نەشتەرگەریی كەپۆ و پشووسواری سەردانی نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنەی کردبوو، بەڵام بە هۆی هەڵەی پزیشكی گیانی لەدەست دا، ئێستاشی لەگەڵ بێ وەزارەتی بێهداشتو دەرمان و دەزگایی قەزایی كۆماری ئیسلامی هیچ وەڵامێكیان بە بنەماڵەی ناوبراو نەداوەتەوە.
دڵنیا ڕەحیمی، ڕۆژی پێنجشەممە،10 بانەمەڕی ئەمساڵ بە هۆی هەڵەی پزیشكی لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە پاش دوو ڕۆژ گیانی لەدەست داو لە ئێستادا بنەماڵەی ناوبراو بەدواداچوونی پەروەندەی ناوبراو دەكەن بەڵام تا ئامادەكرانی ئەم هەواڵە ناوەندە بەرپرسیارەكان هیچ وەڵامێكیان بە بنەماڵەی ناوبراو نەداوەتەوە.
شایانی باسە بەپێی خاڵی 3ی ماددەی 295ی قانوونی سزاكان لە ئێران، هەر كات بە هۆی كەمتەرخەمی یان شارەزانەبوونو لەبەرچاونەگرتنی ڕێوشوێنە پێوەندیدارەكان، كەسێك بكوژرێ یان بریندار بێ بە جۆرێک کە ڕوون ببێتەوە ئەگەر قانوونەکان لەبەر چاو گیرابان، ئەو ڕووداوی كوشتن یان برینداربوونە نەدەقەوما، ئەوە ئەم حاڵەتانە دەچنە خانەی کوشتنی نا ئانقەستو بەدواداچوونی قەزایی بۆ دەکرێ.