بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان و کورد ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هێزێکی بەرفراوان لە نێو شاری سنە بڵاو کراونەتەوەو هاتچۆکردنی خەڵک کۆنترۆڵ دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە تا دوو کاتژمێری دیکە لەسەر بانگەوازی چالاکانی مەدەنی بڕیارە بۆ پاڵپشتی کردن لە ناڕەزایەتییەکانی شاری بانە، خەڵکی شاری سنەش لە مەیان ئیقباڵ خۆپێشاندان بکەن.
چەند شایەتحاڵێک بە “کوردستان وکورد”یان ڕاگەیاند: سەرلە بەیانیی ئەمرۆ پێنچشەممە ١٦ی خەرمانان زۆربەی شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری سنە بە هێزی تایبەت و لێباس شەخسییەکان تەنراوە.
سەرەڕای زاڵبوونی کەشی ئەمنیەتی چالاکانی مەدەنی سوورن لەسەر بەڕیوەبردنی خۆپێشاندان بە دژی کۆڵبەرکوژی، کە کاتژمێر ٧ی ئێوارە قەرارە بەڕێوەبچێ.
چالاکانی کورد چەند خاڵی باس کراوی پارێزگاری سنە سەبارەت بە هۆکاری تەقە کردن و کوشتنی دوو کۆڵبەری بانەیی، بە پاساو دەزانن بۆ ونبوونی خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئە دوو کۆڵبەرە و هێور کردنەوەی خەڵکی ناڕازیی لە شارەکانی سنەو مەریوان و بانە.
بۆ زانیاریی زیاتر لە گەڵ کوردستان وکورد بمێننەوە.