کاسبکاران و دوکاندارانی شاری بانه ماوه‌ی دوو رۆژه به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له‌هه‌مبه‌ر کوژرانی دوو کۆڵبه‌ر دوکان و بازاڕیان داخستوه.
به پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ریی موکریان دوکانداران و کاسبکارانی بانه‌یی له رۆژی سێ‌شه‌ممه‌وه دوکان و بازاڕیان داخستوه‌و پێش‌گرتن له کوڵبه‌رکوشتن و سزادانی بکوژانی ئه‌و دوو کۆڵبه‌ره بانه‌ییه، له ویست و داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی ناڕازیی بانه‌یه و هه‌روه‌ها داواکاری ده‌س له‌کار کێشانه‌وه‌ی فه‌رمانداری ئه‌و شاره‌ن که ڕاسته‌وخۆ به‌رپرسه له کاره‌ساتی کوشتنی دوو کۆڵبه‌ر له ناوچه‌ی بانه.
له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ بارودۆخی شاری بانه به پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی به کوردستان و کورد ماڵپه‌ری فه‌رمی حیزبی دێموکراتی کوردستان گه‌یشتوه، ڕۆژی ڕابردوو هه‌تا کاتی شه‌و پتر له ١٩که‌س له ناڕازییان و خۆپێشانده‌ران له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه ده‌سبه‌سه‌ر کراون و له گرتنگه‌ی که‌ڵانته‌ری ١٢ی شاری بانه، له ژێر ئازار‌و ئه‌شکه‌نجه دان.