پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشه‌ممه ١٥ی خه‌رمانان گردبوونه‌وه‌یه‌ک به مه‌به‌ستی مه‌حکوومکردنی کوشتنی کۆڵبه‌ران و پشتیوانی کردن له ناره‌زایه‌تییه‌کانی شاری بانه، گردبوونه‌وه‌یه‌ک له یه‌کێک له پارکه‌کانی شاری کۆیه به‌ڕێوه‌چوو.
کاتژمێری ٥ی دوانیوه‌ڕۆی ١٥ی خه‌رمانان به ده‌سپێشخه‌ریی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی خوێندکارانی کورد ، به هاوکاری و به‌شداریی تۆڕی چه‌تری ڕێکخراوه‌کان و فیدراسیۆنی ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کانی کۆیه و به ئاماده‌بوونی چه‌ند لایه‌نی سیاسی و سینفی ئه‌وشاره، خۆپێشاندانێک پێکهات.
خۆپێشاندانه‌که به سروودی نه‌ته‌وایه‌تیی ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌ستیپێکرد. پاشان پێشکه‌شکار شلێر مه‌حموودی وێڕای باسکردن له ئامانجی ئه‌و گردبوونه‌وه سپاسی سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان و به‌شداربووانی کرد به‌تایبه‌تی لایه‌ن و ڕێکخراوه سیاسی وسیفیهکانی شاری کۆیه، که له مێژهساڵه پاڵپشت و خه‌مخۆری رۆژهه‌ڵاتی کوردستانن.
دواتر خاتوو سۆهه‌یلا قادری سکرتێری یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان ، په‌یامی ئه‌و یه‌کیه‌تییه‌ی پێشکه‌ش به ئاماده‌بووان کرد.
له به‌شێک له په‌یامی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستاندا هاتبوو؛
کوژرانی دوو کۆڵبه‌ری ناوچه‌ی بانه له هه‌نگه‌ژاڵ له درێژه‌ی ئه‌و کوشتاره به‌رده‌وامه دێ که ساڵانێکه له کوردستان ده‌کرێ، به‌ڵام تووڕه‌یی و ڕق و بێزاریی خه‌ڵکی بانه‌ی گه‌یانده لوتکه و وه‌ک ده‌بینین ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکه له‌سه‌ر بانگه‌وازی چالاکانی مه‌ده‌نی زنجیره حه‌ڕه‌که‌تێکی ناڕه‌زایه‌تی و مافخوازانه وه‌ڕێ که‌وتووه. داوای خه‌ڵکی ناڕازی ڕوونه: کۆتاییهێنان به کوشتنی کۆڵبه‌ران و کاسبکاران و ڕه‌چاوکرانی مافه‌کانیان و دابینکردنی ژیانێکی شیاوی مرۆیی بۆ خه‌ڵکی کوردستان. ئه‌م داوایه له هه‌مانکاتدا داوای هه‌موو خه‌ڵکی کوردستانه و بۆیه پێویسته هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان، به پیر و لاو، به ژن و پیاو و به گه‌وره و بچووک له پشتیان بین و ببینه به‌شێک له‌و حه‌ره‌که‌ته مافخوازییه.
پاشان خاتوو شیرین یوونس په‌یامی فیدراسیۆنی ڕێکخراوه‌کانی شاری کۆیه‌ی خوێنده‌وه که له‌و په‌یامه‌دا وێڕای ده‌ربڕینی پشتیوانی خۆیان له جووڵه‌ی مه‌ده‌نیانه‌ی شاری بانه، له‌سه‌رجه‌م شاره‌کانی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان داوایان کردبوو، که له‌و حه‌ره‌که‌ته مافخوازانه پاڵپشتی بکه‌ن.
له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و گردبوونه‌وه په‌یامی تۆڕی چه‌تری ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کانی شاری کۆیه له لایه‌ن کاکه ئیسمائیل پێشکه‌ش کرا.
له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌دا دیده‌وان یه‌عقووب وههڵۆجهبار، دوو کورته شیعریان پێشکه‌ش به خۆڕاگریی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرد.
له دوایین بڕگه ، له لایه‌ن ڕێکخه‌رانی ئه‌و گردبوونه‌وه، سپاسی سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان کرا.
شایانی باسه دوابه‌دوای کوژرانی دووکۆڵبه‌ر له ناوچه‌ی بانه، به‌ده‌ستی هێزه‌چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئیران، ماوه‌ی سێ رۆژه شه‌پۆلێک ناره‌زایه‌تیی ده‌ربڕین له شاری بانه ده‌ستیپێکرد که ئێستاش هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه.