رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەیئەتێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزب، سەردانی بارەگای ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان لە زڕگوێزەڵەیان کرد.
لەم دیدارەدا هەیئەتی حیزبی دیمۆکرات لەلایەن شاندی کۆمەڵە بە سەرپەرستیی عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەوە پێشوازییان لێکرا.
دیدارەکە دوو تەوەری سەرەکی واتە رووداوەکەی ئەم دواییەی مهاباد و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ کاری هاوبەش لە نێوان حیزبە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەخۆگرتبوو.
خالید عەزیزی بە ئاماژەی بە گرینگیی ڕووداوەکەی مەهابادو دەنگدانەوەی بەرینی ڕووداوەکە بەرپرسایەتیی نائارامییەکانی ئەم دواییانەی خستە ئەستۆی ڕێژیمو گوتی ئهوه كۆماری ئیسلامی بوو به كردهوهكانی خهڵکی هان داو دهیانویست وێنایهكی توندو تیژ له خهڵكی كوردستان پێشانی دهرهوه بدهن. سکرتیری گشتیی حیزب هەر لەو پێوەندییەدا گوتی دواتر رێژیم بۆ ئەوەی ئەو ناڕەزایەتییە تەشەنە نەستێنێو درێژە نەکێشێ، بەشێوەیەکی توندوتیژ وەڵامی خۆپیشاندەرانی دایەوە.
عەزیزی وێڕای بەرزنرخاندنی راسانی خەڵکی مهاباد ڕەخنەی لە کاریگەریی خراپی پڕشو بڵاویی هێزە سیاسییەکانو نەبوونی یەکگرتوویی بەکردەوەی حیزبە سیاسییەکان گرتو پێی وابوو یەکیەتیی بەکردەوەی حیزبە سیاسییەکانو گوتاری هاوبەشی هێزە سیاسییەکان دەتوانێ هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستان بەرەو ئاقارێکی دیکە بەڕێ.
عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری کۆمەڵەش وێڕای بە گرینگ لەقەڵەمدانی ئەو رووداوە گوتی: رووداوەکەی مهاباد دەریخست کە رێژیم لە جاران “آسیبپذیرتر”ە و هۆی ئەمەش زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە راگەیاندنو میدیاکان لەم سەردەمەدا ناهێڵن کە کەس بێکەسکوژ بکرێ و لەلایەکیترەوە مەسەلەی کورد لەم قۆناغەدا بۆتە پرسێکی نێودەوڵەتی و هەر رووداوێکی لەو چەشنە لە کوردستان روو بدا، لە ئاستی جیهانیدا بە گرینگییەوە باسی لێدەکرێ.
سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانیش ئاواتی خواست کە ئەم رووداوەو دەرەنجامەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەسپێکی کاری هاوبەش هان بدا.