بە هۆی ناڕەزایەتییەکانی یەک دوورۆژی ڕابردووی شاری بانە بە دژی کوشتنی کۆڵبەرانی کورد، ناوەندە ئەمنییەکان لە ترسی تەشەنە سەندی ئەو ناڕەزایەتییانە دەستیان داوەتە میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان.
لەو پێوەندییەدا شایەتحاڵێکی خەڵکی شاری سنە، لە ڕیگای تەلەفۆنەوە بە کوردستان وکوردی ڕاگەیاند: کە ئەمرۆ چوارشەممە ١٥ی خەرمانان کە بڕیاربوو لە شاری سنە بۆ پاڵپشتی کردن لە نارەزایەتییەکانی شاری بانە خۆپێشاندان بەڕێوە بچێ ، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان بە مۆڵدانی هێزێکی زۆر لە شەقام و گەڕەکەکانی ئەو شارە کەشێکی تەواو ئەمنیەتییان بەسەر شار سەپاندوە.
ئەو شایەتحاڵە گوتی: دامودەزگا حکومییەکان وەکوو ئوستانداری و فەرمانداری بە تەواوەتی لە ژێر چاوەدێری و کۆنترۆڵی هێزێکی بەرفراوان لە هێزە تایبەتەکان و مەئموورانی لیباس شەخسی دایە.
هەروەها شوێنە بەرچاو و قەرەباڵغەکانی شاری سنە وەکوو پارکەکان و شەقامی “شەشوم بەهمەن و مەیان ئیقباڵ و شەقامی سیرۆس”، هێزێکی زۆر لەو شوێیانە جێگیر کراون.
شایانی باسە چالاکانی مەدەنی شاری سنە بەدەرکردنی پەیامێک، وێڕای پاڵپشتی کردن لە نارەزایەتییەکانی شاری بانە، داوایان لە سەرجەم خەڵکی کوردستان بەتایبەتی شاری سنە کردبوو، کە چوارشەممە ١٥ی خەرمانان دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان وەپاڵ دەنگی خەڵکی شاری بانە بخەن.
هەروەها بڕیارە لە روژانی داهاتوو مانگرتنێکی سەرانسەری لەو شارە بەڕێوەبچێ.