بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بە کوردستان و کورد ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، دۆخی شاری بانە هەتا دێ ئاڵۆزتر دەبێ و کەشێکی ئەمنیەتی و پۆلیسی بەسەر ئەوشارەدا زاڵە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەمرۆ رۆژی چوارشەممە ١٥ی خەرمانان شاری بانە بە تەواوی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە میلیتاریزە کراوە و هەرچەشنە جموجۆڵ و کۆبوونەوە لەو شارەدا قەدەغە کراوە،
لە دوێنی شەو ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە ترسی کۆبوونەوەی بەربڵاوتری خەڵک لەو شارە هێڵی ئینتەرنێتیان داخستوەو وێنەگرتن قەدەغە کراوەو، شاری بانە لە لایەن هێزەی تایبەت و لیباس شەخسییەکانەوە بە تەواوی گەمارۆ دراوە.
شاێەتحاڵێک بە “کوردستان و کورد”ی ڕاگەیاند: سەر لەبەیانیی رۆژی چوارشەممە کە بڕیار بۆ خەڵکی بانە و بە پاڵپشتی خەڵکی شارەکانی دیکە درێژە بە خۆپێشاندان لە هەمبەر کۆڵبەرکوژی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی نیزام بدەن، بەڵام رێگەوبانی هاتوچۆ کردن بەرەوناوشاری بانە داخراوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە رۆژی رابردوو بەشێک لە چالاکان و خەڵکی شارەکانی مەهاباد، سەقز، بۆکان، سنە، مەریوان ڕایانگەیاندبوو کە سبەی واتە رۆژی چوارشەممە١٥ی خەرمانان بۆ پاڵپشتی کردنی خەڵکی بانە لەو شارە کۆدەبنەوە.
دوایین زانیارییەکان باس لەوەدەکەن کە سەرەڕای زاڵبوونی کەشی ئەمنی و پۆلیسی لە شاری بانە، بەڵام دیسان خەڵک بەرەو بەردەم بینای فەرمانداری وەڕیکەوتن و بڕیارە ڕەجەبی فەرماندەی سپای پاسداران بۆ خەڵک قسە بکا.
لە گەڵ کوردستان و کورد بمێننەوە بۆ زانیاریی زیاتر.