ژنێکی کورد، خەڵکی شاری جوانڕۆ و دانیشتووی شاری ڕوانسەر بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی خۆی سووتاند.
ڕۆژی هەینی ١٠ی خەرمانان، ژنێکی بە ناوی “گەلاوێژ وەیسی” کچی عەبدولڕەحیم خەڵکی شاری جوانڕۆ و دانیشتووی شاری ڕوانسەر بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی هەوڵی خۆسووتاندنی دا.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کێشەی بنەماڵەیی هۆکاری خۆسووتاندنی ئەو ژنە کوردە بووە و ناوبراو پاش سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بە هۆی زۆربوونی ڕێژەی سووتانەکەی گیانی لە دەست دا.
هەروەها سەرچاوەیەکی نیزیک بە بنەمالەی ناوبراو دەڵێ، ئەو ژنە کوردە خێزاندار و دایکی دو منداڵ بووە.
خۆسووتاندنی ژنان لە ئێران یەکێک لەو پرسە گرینگانەیە، کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا چالاکانی ژنان و کارناسان لە هەوڵی کونتڕۆڵ و کەمکردنەوەی ئەو دیاردەن و لە بوارەدا چەند هەوڵێکیان داوە، بەڵام ئەو پرسە لە ئێران لە ئاستێکی سەرەوە وەک خۆی ماوەتەوە.