موحسێن ڕه‌زایی، سه‌رۆكی هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نیزام، داوای له ڕێبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان كرد كه ڕاپرسی هه‌ڵوه‌شێننه‌وه.
موحسێن ڕه‌زایی له‌گه‌ڵ مه‌حموود هاشمی شاهروودی كه ڕۆژی پێنجشه‌ممه سه‌ردانی عێراقیان كردبوو ناوبراو له كۆنفرانسێكی هاوبه‌شی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عێبادی،سه‌رۆك وه‌زیری عێراق، پێداگریی له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق كرده‌وه.
ناوبراو له درێژه‌دا گوتی، هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ ڕاپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.
هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا مه‌حموود هاشمی شاهرودی‌یش وێڕای پێداگریی له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق گوتی، كۆماری ئیسلامیی ئێران پاش پاككردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی داعش له عێراق هاوكاریی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی عێراق ده‌كا.
ڕه‌زایی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێ، هه‌رێمی كوردستان نابێ ڕاپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی بكا چونكه عێراق وڵاتێكی ناسراوه و ئه‌ندامی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه و سنووره‌كانی ناسراون و دابه‌شبوونی كارێكی هه‌ڵه‌یه و نائه‌منی له ناوچه‌دا ده‌خوڵقێنێ.
ڕه‌زایی بێ ئه‌وه‌ی كه ئاماژه به كوردانی ئێران بكا گوتی، ئه‌گه‌ر عێراق دابه‌ش بێ نائارامی له توركیه و سووریه‌ش دروست ده‌بێ و بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوون و هه‌روه‌ها ئێران، عێراق ، توركیه و سووریه‌ش ڕازی نین.