لە درێژەی نارەزایەتیی دەربڕینی خەڵکی شاری بانە لە هەمبەر کۆڵبەرکوژی، لە دەی بەیانییەوە بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئەوشارە بەرەو بەردەم بینای فەرمانداری وەڕێکەوتن و بەشێوە مەدەنیانە ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم بە تەقە و گازی فرمێسکڕێژ رووبەرووی خەلک بوونەوە.
دوایین زانیارییەکان باس لەوەدەکەن کە هێشتا نارەزایەتی بەردەوامەو خەڵک بە دروشمی، سەردەشت یارمەتی، سەقز یارمەتی داوای پشتیوانی کردنی خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان دەکەن.
هەروەها هیزێکی تایبەت لە هەمەدان و کرماشان بەرەو بانە وەڕێکەوتوون و لە بەردەم فەرمانداری تەقە لە خۆپێشاندەران کراوەو سێ ماشین تێکشکێندراون.
هەر لەو پێوەندییەدا ئەکبەر جەوهەری دادستانی گشتیی پارێزگای سنە ڕایگەیاند ئەو کەسانەی کە تەقەیان لە دوو کۆڵبەر کردوە دەسبەسەرکراون پەروەندەی یاساییان بۆ کراوەتەوە.
لە لایەک دیکەش دووکەڵێکی خەستی سەر بینای فەرمانداری شاری بانە، باس لە ئاگرکەوتنەوە لەو شوێنە دەکا.