ڕێژەی ڕووداوی هاتووچۆ لە پاریزگای سنە، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە سەدی ٩ زیادی کردووە و ئەو ڕێژەش لە چاو ساڵی رابردوو، لە سەدی ٩/١ بەرزبووەتەوە.
هەواڵدەریی تەسنیم لە زمانی بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی قانوونیی پارێزگای سنە بڵاویکردەوە کە، لە سەرەتای ٤ مانگی ئەوساڵ ١٢٥ حاڵەتی ڕووداوی هاتووچۆ، کە بووە بە هۆی گیان لە دەستدانی هاووڵاتییان لە ئاست پارێزگای سنە ڕوویداوە و لەو ڕێژەش ١٣ حاڵەت لە شاری سنە و ١٠٣ حاڵەت لە دەرەوەی شار و ٩ حاڵەت لە گوندەکان ڕووی داوە.
غوڵامڕەزا هومایونیپوور ڕایگەیاند: ڕیژەی ڕووداوی هاتووچۆ کە بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی هاووڵاتییان لە چوار مانگی سەرەتایی ئەوساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو سەدی ٧/٨ زیادی کردووە.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتی پزیشکی یاسایی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: ڕێژەی قوربانیانی تووشبوو لە ڕووداوی هاتووچۆ لە ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ ساڵی پێشووتر سەدی ١/٨ زیادی کردووە و لەو ڕیژەش ١/٤ ژنان و ٧/٩ پیاوان بوون.
هەر لەو پەیوەندییەدا، بەرپرسی فریاکەوتنەکانی وڵاتی ئێران ڕایگەیاند: بە شێوەی نێونجی لە هەر ٣٠ خولەکدا بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە جادەکانی ئێران کەسێک گیانی لە دەست دەدا.
محەممەدتەقی تالبیان چەند ڕۆژ لەوەپیش لە وتووێژێکدا بە هەواڵدەریی “ئیلنا”ی ڕاگەیاند: ڕێژەی قوربانیانی ڕووداوی هاتووچۆی شار و جاددەکان لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٩ هەزار هاووڵاتیی بووە.
هەروەها ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: لە سەدی ١٥ هەتا ٢٥ ئاماری کوژراوەکان لە ئاستی ئێران بە هۆی ڕووداەکانی هاتووچۆوە بووە.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان، بەهۆی ناستانداردیی رێگەوبانەکان و کۆن و نائەمنبوونی ماشینەکان لە ئێراندا، ساڵانە نێوان ٢٠ هەتا ٣٠ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوەوە گیانیان لەدەست دەدەن.