ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، پێڕانەگەیشتن بە زێنەب جەلالیان، زیندانی سیاسیی کورد بۆ چارەسەری پزیشکی بە واتای”ئەشکەنجە” دەزانێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بەرپرسانی زیندان و دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای بارودۆخی نالەباری جەستەیی زێنەب جەلالیان، زیندانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی لەگەڵ چارەسەری پزیشکی ناوبراو لە دەرەوەی زیندان دژایەتییان کرد.
ئەو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤە ڕایگەیاندووە، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە زۆر نەخۆشە و پێویستی بە چارەسەریی پزیشکیی تایبەت و خێرا، لە دەرەوەی زیندان هەیە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی خۆبواردن لە چارەسەریی پزیشکی بۆ زێنەب جەلالیان بە سزای توند و وەرگرتنی”دانپێنانی زۆرەملی” لە ناوبراو دەزانێ.
زێنەب جەلالیان، ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە کرماشان دەسبەسەر کرا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ئەو چالاکە سیاسییە، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی “محاربە”، حوکمی لەسێدارەدرانی بۆ بڕایەوە و دواتر ئەو حوکمە بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.