هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ٥ هاووڵاتیی خەڵکی شاری (ڕوانسەر)ی سەربە پارێزگای کرماشانیان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ڕوانسەر پێنج هاووڵاتی بە ناوەکانی ئومید فەیزی کوڕی ئەمیر، ئەسعەدی سەیادی کوڕی حوسێن، موسلم نادری کوڕی مەنسوور، بێهنام بەهرامی کوڕی محەممەد سەعید و یەعقووب باباخانی کوڕی مەحموود خەڵکی گوندی (قۆڕیقەڵا)ی سەر بە بەخشی شاهۆی ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشانیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی ناڕوون گوستووەتەوە.
شیمانەی ئەوە دەکرێ ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی دەسبەسەر و ڕوانەی شوێنێکی نادیار کراون.
شایانی باسە کە هەوڵەکانی بنەماڵەی ئەو پێنج هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.
حەوتووی ڕابردووش بەندکراوێکی عەقیدەتی کورد لە شاری سنە لە سێدراە درا.
لە لایەک دیکەش ناوەندە ئەمنییەکان دوای رووداوی ١٧ی جۆزەردانی تاران هەرچەشنە جموجۆڵ و چالاکیی سیاسی و مەدەنی دەخانە خانەی توندئاژۆیی مەزهەبی و بەو بیانوویە دەسبەسەریان دەکەن.