کرێکارێكی کورد، خەڵکی شاری سنە لە کاتی کار کردن لە بیرێکی ٢٥ مێتری دەکەوێتە ناو بیرەکە و گیانی لە دەست دەدا. بە پێی هەواڵدەریی “ئیسنا” سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١١ی خەرمانان، کرێکاڕێکی کورد، لە کاتی کارکردن لە بیرێکی ٢٥ مێتری بەر دەبێتەوە و گیانی لە دەست دا. تەمەنی ئەو کرێکارەی ٥٥ ساڵ بووە بەڵام تا ئێستا ناوی ڕانەگەیەندراوە. بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو کرێکارە کوردە لە یەکێک لە ئاژەڵدارییەکانی هەڵکەوتوو لە نێوان جادەی سنە بۆ کرماشان تووشی ئەو ڕووداوە بووە. زۆربەی کات هەواڵدرییە حکوومەتییەکان ناوی کرێکاران بڵاو ناکەنەوە لە لە کاتی کارکردندا تووشی ڕوودای ناخۆش دەبن. هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەرمانان، ژنێک و سێ منداڵی کرێکار، خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی شەهلا محەممەدزادە تەمەن ٣٥ ساڵ، فاتمه ئیبراهیمزادە تەمەن ١٠ ساڵ، سۆزان عومەری تەمەن ١٤ ساڵ و سازگار عومەری تەمەن ١٤ ساڵ لە کوورەخانەیەکدا لە شاری وایقان لە ناوچەی شەبستەری تەورێز لە کاتی کار کردن تووشی ڕووداوی کار هاتن و بە سەختی بریندار بوون. بە هۆی نەبوونی ئەمنیەت لە شوێنی کار و کەمتەرخەمیی خاوەنکار لەمەڕ پاراستنی گیانی کرێکاران، ساڵانە بە دەیان کرێکاری کورد قوربانی ڕووداوەکانی کار دەبن.