هاووڵاتییانی ئێران بە هۆی کێشە خانووبەره، نزیکەی ١میلیۆن ٥٠٠ هەزار کەس لە بنەماڵەکان لە ئێران تەنیا ژوورێکیان هەیە و ژیانی تێدا بە سەر دەبەن.
هەواڵدەریی “مێهر” لە زمان وەزیری ڕێگا و شارسازی بڵاوی کردەوە، نزیکەی ١٩ میلیۆن له خەڵکی ئێران خانووبەرەی شیاوی ژیانیان نیە و لە سەدا ٣٥%ی حەشیمەتی شارەکان لە بارودۆخی نالەباری خانووبەرەدا دەژین.
عەباس ئاخوندی وێڕای ئاماژە بەو ١٩ میلیۆن کەسە ڕایگەیاند: ١١ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی شارەکان لە دەرەوەی شارەکان و هەشت میلیۆن کەس لە پێکهاتە ناشیاو و کۆنەکاندا ژیان دەکەن، بەو واتایە ١ لە سەر ٣ی حەشیمەتی شار لە خانووبەری نەشیاو ژیان بە سەر دەبەن.
بەپێی ئەو ئامارەی کە ئاخوندی باسی لێکردووە، ٨٠%ی کۆمەڵگای ئێران شارەکان پێکی دێنن و زیاتر لە ٥٠%ی حەشیمەتی شارەکان لە ١٠ شاردا نیشتەجێن.
هەروەها ناوبراو دەڵێ، بەشی نیشتەجێبوون بە شێوەی بەربڵاو لە بواری سیاسەت شکستی خواردەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوە کە بەشێکی زۆر لە بیرمەندان و ئەندێشمەندان لە بواری نیشتەجێبوون لە دەست بدەین و نەتوانین لە ئیمکانات و تواناییەکانی ئەوان کەڵک وەربگرین.
هەر ئێستا یەکێک لە گرینگترین کێشە و گرفتەکان کە هەتا ئێستا بەرۆکی کۆمەڵگای شارەکانی ئێرانی گرتووە و هەڕەشەیان لێ دەکا، کێشە نیشتەجێبوونی ناڕەسمی و پەراوێزنشینییە.
نیشتەجێی بوونی ناڕەسمی، ڕێگایەک بۆ حەوانەی هەژار و دەستکورتەکان لە کاتێکدایە کە یاری و بازاڕی ڕەسمیی ڕێگا بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە خانووی نیشتەجێ بوونی یاسایی یان نیشتەجێبوونی خاوەن”پروانە”، بەڵگەکان و سەندە فەرمییەکان دەگرێ.