دامەزرێنەری “عیرفانی بازنە” ئەندازیار محەممەد عەلی تاهێری لە ژێر گوشاری چەند مەرجع تەقلیدو، ناوەندە ئەمنییەکان بۆ جارێکی دیکە حوکمی لە سێدارەدانی بە سەر سەپا.
عەلیرەزا تەباتەبایی پارێزەی محەممەد عەلی تاهێری رۆژی یەکشەممە هەواڵی سزای ئێعدامی ناوبراوی ڕاگەیاند و ئەمەش کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە.
شایانی باسە محەممەد عەلی تاهێری بە بانگەشە کردن و دامەزرانی فرقەی ئایینی بەناوی “عیرفانی حەڵقە” بە بێ رێزی کردن بە پیرۆزییەکانی ئاینی ئیسلام و شەڕ لە گەڵ خودا لە ساڵی ٨٨ی هەتاوی و بەملاوە چەند جار دەسبەسەر کراوەوە سەرجەم چالاکییەکانی لەو بوارەدا داخراون.
چەند کەس لە مەرجع تەقلیدەکانی دانیشتووی قوم فیتوای ئیعدامی محەممەد تاهیری”یان دەرکرد.
ناوبراو بۆ سێیەمین جار لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی دەسبەسەرکراو لەو کاتەوە لە زیندانی ئەوینی تاران ڕاگیراوە.
ئەم بەندکراوە عەقیدەتییە دوای دەسبەسەرکرانی، لە لایەن ناوەندە ئاینییەکانەوە وەکوو “حەوزەی عیلمیەی قوم “کە نفووزی زۆریان لە دەزگای قەزایی هەیە هێرشی فراوانی بە سەر کراو، دوای کۆتایی هاتنی ماوەی دەسبەسەرکرانی لە ساڵی ٩٥ی هەتاوی دیسان بە تاوانی بێ رێزی کردن بە پیرۆزییەکانی دینی ئیسلام حوکمی ئێعدامی بۆ بڕایەوە.
محەممەدعەلی تاهێری لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی ، خەڵکی کرماشانە، کە لە هەڕەتی لاویەتی حەزی لە سازکردنی چەکوچۆڵ بووە و تەنانەت لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق جۆرێک “موسەلسەل” دروست دەکا، بەڵام وەزارەتی دیفاع پێشی لێدەگرێ و ئەمە لە بیرەوەرییەکانی هاشمی رەفسەنجانیدا هاتووە.
دواتر دەچێتە وڵاتی تورکیە و، لەوێ تا قوناخی ئەندازیاری سەنعەتی درێژە بەخوێندن دەدا و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ ئێران و کۆمپانیای سەنعەتی “تیواکیان” دادەمەزرێنێ.
لایەنگران و هۆگرانی دەڵێین: محەممەد عەلی تاهێری هاوکات کە سەرقاڵی خوێندنی باڵا لە بواری پیشەسازییدا بووە، دەستی داوەتە توێژینەوەی مەعنەویی”و دەرئەنجامەکەی دەبێتە دامەزراندنی ناوەندێکی فەرهەنگی و هونەری عێرفانی “کێهانی” و خزمەتگوزاری لە بواری پزیشکی و “فەرا دەرمانی”
حسێن فەرشتیان توێژەری دینی، زیادبوونی لایەنگران و تەشەنە سەندی بیرۆکەی تاهێری لە نێو کۆمەڵگە و ترازانی تەشکیلاتی داخراوی شێعە، کە لە ژێر ڕەکیفی مەلاکان دایە، بە هۆکاری سەرەکیی سەپاندنی سزای ئێعدام بۆ سەر ناوبراو دەزانێ.
شایانی باسە سەپاندنی سزای ئێعدام بەسەر محەممەدعەلی تاهێری لە نیوخۆی وڵات ودەرەوەی وڵات و میدیاکان دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتووتەوە.