سەعید زیباکەلام مامۆستای زانکۆ و، توێژەری فەلسەفە ، ڕایگەیاند؛ لە دەسپێکی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، کەڵکی خراپمان لە دینی ئیسلام وەرگرتووە.
زیباکەلام لە دانپێدانێکدا بە خستنە بەرباسی مێژووی کۆماری ئیسلامی و سەرجەم دەوڵەتەکانی ئەو رێژیمە و بە سەرەنجدان بە هەلومەرجی ئێستاکەی ئێران، دانی بە کۆمەڵێک قەیران کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی لە ئێراندا دانا.
لە بەشێک لە قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە دروشمەکانی سەرەتای هاتنی سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: لە کاتێکدا هەر ئێستا سەدان کرێکار و دەیان کارخانە و کارگە لە ئێران داخراون و هەزاران کرێکاری دیکەش بە بێ پشتیوان و نەبوونی “بیمە”ی کار، زۆر بە ئاسانی لەکار دوور دەخرێنەوە و دەیان گرفتی دیکەی ئابووریی هەیە چون دەتوان بانگەشە بۆ دروشمەکانی نیزام بکەین!
ناوبراو وتی: هەتای کەی دەمانهەوێت لە ژێر ناوی دین کڵاو لە سەر خەڵک و لە دین کەڵکی خراپ وەرگرین.
سەعید زیباکەلام لە درێژەی رەخنەکانیدا وتی: لە یەکەم رۆژی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام باس لە دینی ئیسلام دەکەین، ئێستا زیاتر لە سێ دەیە تێپەڕیوە چیمان کرد؟ چیمان بەدەست هێنا؟
با لە گەڵ خۆمان رووراست بین و بپرسین هەر لەم ماوەی ٤٠ساڵە خەڵک بە ئیسلام باوەڕمەند تر بوون، یان بە هۆی کەڵکی خراپی دەسەڵات لە ئیسلام، ئاستی باوەڕمەندی خەڵک دابەزیوە.
ناوبراو لە بەشێک دیکە لە دانپێدانەکانی دەڵێ: باشترین کار وایە کە ئێمە واز لە دیندار بوون یان نەبوون تاکەکان بهێنین و گرینگی بە مافی مرۆڤ بدەین کە بە شێوازی جۆراوجۆر لە ئێران پێشێل دەکرێن.
سەعید زیباکەلام لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە هۆکارەکانی سەرهەڵدان و جموجۆڵی نارەزایەتییەکان کرد لە ئێران و، لەو بارەوە دەوڵەتەکان و سیستمی کۆماری ئیسلامی بە گشتی بە تاوانبار زانی.
شیاوی باسە سەعید زیباکەلام توێژەری فەلسەفە و مامۆستای زانکۆ بە پێچەوانەی براکەی سادق زیباکەلام بە باڵی خامنەییەوە نزیکترە.