هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەورامان، سنوورەکانیان بە ڕووی کۆڵبەران داخست.
سەرەتای ئەم حەوتوویە، هێزەکانی سپای پاسداران لە هەوڵێکی بەربڵاودا سنووری هەورامانیان لە سەر کۆڵبەرەکان داخست و کۆڵبەرانیان خستە ژێر گەمارۆی خۆیانەوە.
ئەم هەوڵەی سپای پاسداران ناڕەزایەتی زۆری کۆڵبەرانی ناوچەی هەورامانی لێ کەووتەوە و بە وتەی کۆڵبەران لە ماوەی ڕابردوودا، ئازار و ئەشکەنجەی کۆڵبەران لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە زۆرتر بووە.
بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری، بێکاری، سەرمایەگوزاری نەکردن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەرسنوورەکان دەکەن و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.
بەپێی ناوەندەکانی ئامار، ١٥٤ کۆڵبەر لە ساڵی ڕابردوو، لە ڕووداوەکانی تەقەکردن، تەقینەوەی مین، سەرما و بەربوونەوە و هۆکارەکانی دیکە کوژراو یان بریندار بوون.