شورای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی بەرگریی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کوشتنی کۆڵبەران ڕابگرێ.
شورای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە پێوەندیی لەگەڵ کوشتن و برینداربوونی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە نیزامیی و ئینتزامییەکان و هەنگی سنووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.
ئەوە دەقی بەیاننامەکەیە
هێرش بۆ سەر کۆڵبەران و کوشتنی ئەوان و دەسبەسەر گرتنی بەشێکی کەمی شتومەکی ئەو توێژە زەحمەتکێشە لە کوردستان،لە سەرەتای چالاکییەکانی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان و لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا، بەبێ ڕاوەستان وەکوو پرسێکی چارەسەرنەکراو و پێشێلکراوی مافی مرۆڤ بەردەوامی هەبووە، لەو پێیوەندییەدا ئەگەرچی بەدواچوونە بەردەوامەکانی محەممەد سەدیق کەبوودوەند”باوکی مافی مرۆڤی کوردستان” و هەوڵەکانی ئەو ڕێکخراوە بۆ باس کردنی دۆخی نالەباری کۆڵبەران و ئاگادار کردنەوەی ویژدانە نووستووەکان لە بارودۆخی نالەبار و کێشەکان و بێ مافی ئەو توێژە زەحمەتکێشە گیان لەسەر دەستە، بە میدیایی کردنی ئەو پرسە یارمەتی داوە، بەڵام هیچ یەک لەو هەوڵانە هەتا ئێستا نەیاتوانیووە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕەنج وکێشەکانی کۆڵبەران.
لە تەواوی ئەم ساڵانەدا سەرەڕای بەڵینەکانی دەوڵەت بۆ ڕێکخستنی و بەدواچوونی بارودۆخی کۆڵبەران، ئەم توێژە لە خەڵکی زەحمەتکێشی کورد ئەمڕۆ هەروەها بێ بەرهەم لە ئەمنییەتی گیانی و دابین کردنی بژیوی ژیانیان و هەر ڕۆژ و هەر حەوتوو ژمارەیەک لە کۆڵبەران دەکرێنە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانی سنووریی و ناوچەیی و گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.
بەپێی زانیارییەکان، تەنیا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥ کۆڵبەر کوژراون و زیاتر لە ٣٠ کۆڵبەر بریندار یان کەمئەندام بوون.
شورای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆیان لە تراژیدی کوشتنی کۆڵبەران، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێ ڕەوتی کوشتن و بریندار کردنی ئەو توێژە ڕەنجدەرە دەکەن و بە پێداگری لە بەرپرسایەتی دەوڵەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر ئەو پرسە، داوا لە دەوڵەت دەکا بە شێوەی جیددی و بە زووترین کات ڕەوتی هەڵسووکەوتی نیزامی و کوشتن و قوربانی بوونی کۆڵبەرە خەساردیتووەکانی کوردستان کۆتایی پێ بێنن. ئەم ڕێکخراوەیە هەروەها داوا لە دەوڵەتی ئێران دەکا، بەبێ هێچ چەشنە هەڵاواردنێک بۆ کۆتایی هێنانی هەژاری و لابردنی کێشە بێکاری لە ناوچەکانی کوردستان و دابین کردنی کار و پێشە و ئەمنیەتی گیانی و شوغلی هاووڵاتییان بە تایبەتی هاووڵاتییانی کوردستان دەست بە کار ببێ.
شیاوی باسە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ناوەندێکی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤە کە لەسەر دەستی محەممەد سدێق کەبوودوەند و هاوڕێیانی دامەزراوە و لە زۆر پرسی پێوەندیدرا بە مافی مرۆڤی کورد وە دەنگ هاتووە.