ڕووسیەو ئامریكا وتووێژەكانی خۆیان بە مەبەستی خۆئامادە كردن بۆ قۆناغی پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەست پی كردووە.
ڕۆژی شەممە ١٦ی مانگی مەی، ڕۆژنامەی بریتانیایی ” The Time ” لە ڕاپۆرتێكدا نووسیبووی كە بێگومان شەڕی ئێستای سووریە كە ماوەی ٤ ساڵە لەم وڵاتە هەڵایساوە، بە زیانی بەشار ئەسەد تەواو دەبێ.
ئەم ڕۆژنامە بریتانیاییە هەروەها نووسیویەتی بەپێی ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوە سیخوڕییەكان، گرووپە چەكدارەكانی دژبەری بەشار ئەسەد، توانیویانە لە هێندێك بواردا سەركەوتنیش وەدەست بێننو لە ئێستادا “دیكتاتۆڕی سووریە” زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە لاوازو بێ توانا بووە.
سەرەڕای پێداگریی موسكۆ لەسەر بەردەوامیی پشتیوانیی بێسنووری لە بەشار ئەسەد، بەڵام لە ئێستادا ئامریكاو ڕووسیە بەم ئاكامە گەیشتوون شەڕی نێوخۆیی سووریە گەیشتۆتە خاڵێكی چارەنووسسازو مەسەلەی وتووێژ كردن لەسەر قۆناغی پاش ڕووخانی ئەسەد بۆتە مەسەلەیەكی زۆر پێویست. سەرچاوەكانی هەواڵ لە ئامریكا دەڵێن دانووستان لە بابەت داهاتووی ئەسەد، لەوانەیە مافی پەنابەریەتی سەركۆماری سووریە بۆ تاران یان موسكۆ بگرێتەوە.
لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا، سووریە بەسەر ٣ بەشی هێزەكانی ڕێژیم، دژبەران و گرووپە توندئاژۆكاندا بەش كراوە. هێزە دەوڵەتییەكانی سەر بە ڕێژیمی دەمێشق لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا چەندین جار شكستی وایان خواردووە كە ناتوانن قەرەبووی بكەنەوەو لەوانەیە هەر ئەم شكستانە كۆتایی بە دەسەڵاتدارەتی ئەسەد بێنن.
كاربەدەستێكی بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا دەڵێ بەرەی ئەلنوسرەوە جێی بەشار ئەسەد ناگرێتەوەو دڵنیاییشەوە بەشار ئەسەدیش ناتوانێ لە جێی خۆی بمێنێ.
شایانی باسە تا ئێستا هیچكام لە دوو وڵاتی ڕووسیە و ئێران، بڕیارێكی وایان لەسەر كەمكردنەوەی پشتیوانییەكانی خۆیان لە ئەسەد ڕانەگەیاندووە. بەڵام ئامریكا هیوادارە ڕووسیە بە سەرنجدان بەم وتووێژە دوو لایەنەیە، ئاڵوگۆڕێك بەسەر هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر بەشار ئەسەددا بێنێ.