محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی، زیندانی سیاسیی خەڵكی شاری بۆكان كە بۆ زیندانی تەبەس دوور خراوەتەوە، ماوەی ٢ ساڵە نەیان هێشتووە چاوی بە بنەماڵەو ڕۆڵەكانی بكەوێ.
بەپێی ڕاپۆرتی كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، جگە لە بارودۆخی ناڵەباری ئەم زیندانە بۆ بەندکراوانی سیاسی، بنەماڵەی ناوبراو بە هۆی نەبوونیو دووریی ئەم زیندانە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ نەیانتوانیوە چاویان بە محەممەدئەمین بكەوێ. کەسێکی نیزیک لەو زیندانییە دەڵێ مەودای نێوان شاری بۆكان تا شارە تەبەس ١٥٠٠ كیلۆمیترەو تەنیا کاسبکاری ماڵەوەش ئێستا لە زیندانەو بنەماڵەكەشی بۆ یەك كاتژمێر چاوپێكەوتن توانای ماڵیی بڕینی ئەم ڕێگە دوورو درێژەیان نییە.
ئەم زیندانییە سیاسییە ماوەیەك لەوە پێش لە نامەیەكدا داوای لە بەرپرسانی قەزایی تەبەس كردووە كە بۆ شوێنێكی نیزیكتری بگوازنەوەو هەڕەشەی كردوە كە ئەگەر بەدواداچوون بۆ داواکەی نەكەن مان لە خواردن دەگرێ.
محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی ساڵی ١٣٨٤ كاتێك دەسبەسەر كرا، تەمەنی ١٩ ساڵ بوو، ئەو لە دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خوداو تێكهەڵچوون لەگەڵ هێزە دەوڵەتییەکان حوكمی ١٨ ساڵ زیندانو دوورخرانەوە بۆ زیندانی تەبەسی بەسەردا سەپا.