له دیداری نێوان جێگری سکرتێری حدک و به‌رپرسی پێوه‌ندییه کوردستانییهكانی پ‌د‌ک تاوتوێی پێوه‌ندییه نێوخۆییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌به‌ر رووناکایی رووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه کرا.
به‌یانیی رۆژی دوو شه‌ممه، ١٧ی ئاگوستی ٢٠١٧، هه‌یئه‌تێكی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به سه‌رپه‌رستیی د. ئاسۆ حه‌سه‌ن زاده جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، سه‌ردانی مه‌کته‌بی پێوه‌ندییه کوردستانییه‌کانی پارتی دێموکڕاتی کوردستان له هه‌ولێری کرد و له‌لایه‌ن به‌ڕێز عه‌لی حوسێن ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی پارتی و به‌رپرسی پێوه‌ندییه کوردستانییه‌کانی ئه‌و حیزبه‌وه پێشوازیی لێ کرا.
له‌و دیداره‌دا هه‌ردوولا وێڕای به‌رزنرخاندنی پێوه‌ندی و دۆستایه‌تیی نێوان دوو لایه‌ن، پێكه‌وه تاوتوێی بارودۆخی ناوچه و هه‌لومه‌رجی ئێستای بزوتنه‌وه‌ی کورد و پرۆسه‌ی هه‌نگاونان بۆ به‌ڕێوه بردنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له باشووری کوردستانیان و پێداویستی و ئاکامه‌کانی ئه‌م هه‌نگاوه‌یان کرد.
له به‌شێكی دیکه‌ی ئه‌م دیداره‌دا رووداوه‌کانی رۆژی هه‌ینیی رابردووی ده‌ڤه‌ری چۆمان و گونده‌ژۆر و ئه‌و گرژییانه‌ی له‌و ده‌ڤه‌ره دروست بوو، هاته به‌ر باس. له‌م پێوه‌ندییه‌دا وێڕای ئاماژه به کاردانه‌وه و ده‌ره‌نجامه‌کانی ئه‌م رووداو و گرژییانه، له‌سه‌ر پێویستیی یارمه‌تیکردنی هه‌موو لایه‌ک به ئاسایی بوونه‌وه‌ی دۆخه‌که له‌م ده‌ڤه‌ره و پاراستنی رووحی برایه‌تی و هاوپێوه‌ندیی نێوان کورد له رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان و وه‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخ و پێویستییه خه‌باتگێڕییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی کورد له هه‌ردوو پارچه‌ی کوردستان کرا.