هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە مەبەستی گەیاندنی هاوخەمیی حیزب لە لە ڕێوڕەسمی پرسە گیرانی بنەماڵەی قوربانیانی رووداوەکەی گوندەژوور بەشدارییان کرد.
رۆژی یەکشەممە ٥ی خەرمانان هەیئەتێکی دەفتەری سیاسیی حدک بە هاوڕێیەتی جەلیل گادانی تێکۆشەری دێرینی دێموکرات لە ڕێوڕەسمی پرسەی بنەماڵەی کوژراوەکانی رووداوی گوندەژوور بەشدارییان کرد و، لە نزیکەوە هاودەردی و بەداخبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بە ئەو بنەماڵەی و خەڵکی گوندە ژوور ڕاگەیاند .
شیاوی باسە ئەو بنەماڵەیە دۆستایەتێکی چەندین ساڵەیان هەیە لە گەڵ تێکۆشەرانی دێموکرات و جوڵانەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
هەروەها لە درێژەی ئەو سەردانەدا هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، بە مەبەستی ماندوو نەبوونی کردن لە دامودەزگاکانی حکومی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی چۆمان و کۆمیتەی یەکیەتیی نیشتمانییان کرد.
پێوێستە بگوترێ لە یەکەم چرکەساتی رووداوی نەخوازراوی گوندەژوور لە دەڤەری باڵەکایەتی کە رۆژی هەینی٣ی خەرمانان بە هۆی کێشەیەک دوو برا لە بنەماڵەیەک بە تەقەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، گیانیان لە دەستدا و تۆریی خەڵکی ناوچەی لێکەوتەوە، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە رێگای پێوەندی گرتن لەگەڵ خەڵک و کەسانی بە نفووز و دۆستانی خۆی لەو ناوچەیە هەوڵی هێور کردنی دۆخەکەی دا.