ڕۆژی شەممە ٥ی خەرمانان دایە بگم حوسێنزادە، دایکی هاوڕێ یاسین مەولوودی پێشمەرگە و ئەندامی حدک دوای ماوەیەک نەخۆشی لە تەمەنی ٧٧ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد.
دایە بگم حوسێنزادە لە ساڵی ١٣١٩ ی هەتاوی لە ئاوایی نەناس (نازنازی) ورمێ لە بنەماڵەیەکی خۆشناوی ئەو ناوچەیە لە دایکبووە.
ناوبراو مرۆڤێکی ئارام و هێدی و ژنێکی ڕووخۆش ونیشتمانپەروەر و گەلدۆست بووە بۆیە کوڕێکی بە ناوی یاسین مەولوودی لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاویدا دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ساڵانێکی دوور و درێژ وەک پێشمەرگە و کادری حیزب خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا و، دواتر وەک ئەندامێکی چالاکی و هەڵسوری ریزەکانی حدک لە ولاتی سوئیس درێژە بە خزمەتەکانی خۆی دەدا.
شایانی باسە کە ئەو کاتەی کە یاسین مەولوودی پێشمەرگە بوو و هەڵسوورانی دیاروبەرچاوی هەبوو، چەندین جار دایکی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە وەکو زۆربەی بنەماڵە پێشمەرگەکان هەڕەشە و بێ حورمەتییان پێ کرا.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچیدوایی ئەو دایکە دڵسۆزەوە، سەرەخۆشی لە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیان و بە تایبەت هاوڕێ یاسین مەولوودی تێکۆشەر دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











