خالید خاکی هونەرمەندی شانۆکار و چالاکی فەرهەنگی خەڵکی ناوچەی سەقز رۆژی سێ هەینی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
هونەرمەند و نووسەری کورد خالێد خاکی خەڵکی گوندی دایە سڵێمان هەڵکووتو لە ناوچەی ساحیبی سەقز لە دەیەکانی ٥٠ و ٦٠ هەتاوی بە دامەزرانی یەکەم گرووپی شانۆ لە شاری سەقز و لەو بارەوە خزمەتی زۆر کرد.
ناوبراو جیا لە کاری شانۆ خاوەنی قەڵەمێکی ڕەنگین و هەستێکی بەتین بووە لەبواری نوسینی شانۆنامە و کورتە چیرۆک و وتاری پێوەندیدار بە هونەر و ئەدەبیات.
خالید خاکی ئەگەرچی لە یەک دوو فستیڤاڵی هەرەناسراو وەکوو فستیڤاڵی گەلاوێژ و فستیڤاڵی چیرۆکنووسی شاری بانە خەڵاتی پێبەخشرا، بەڵام زیاتر سەرقاڵی خوڵقاندنی چیرۆکی نوێ و خزمەتی هونەر بوو هەتا دەرکەوتن لە کۆڕکۆبوونەوەکان، هەربۆیە بە قەڵەمە مەندەکەی سەقز ناسراوە.
خالید خاکی هونەرمەند و چیرۆکنووس و وەرگێڕی کورد یەکێک لە سیماناسراوەکانی بواری ئەدەبیاتە، کە چەندین بەرهەمی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردوە.
ناوبراو بەرپرسی گۆڤار “ساکار” بوو کە ساڵی ٩٦هەتاوی بە یارمەتیی چاپەمەنی “گوتار” لە سەقز بڵاو دەبێتەوە.
ئەو هونەرمەندە پڕ خزمەتە رۆژی هەینی ڕێگای هونەر و قەڵەمی بۆ ڕێبوارانی بە جێهێشت.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمیی کردن لە کۆمەڵگەی هونەرمەندان و قەڵەمبەدەستانی کورد، بەتایبەتی بنەماڵەی هونەرمەند خالید خاکی، خۆی بە بەشدار و شەریکە خەمیان دەزانێ.











