کرێکارانی ڕێکخراوی ڕێگا و گواستنەوەی سنە ماوەی چەند مانگە پارەیان لەو ئێدارەیە وەرنەگرتووە.
کرێکارانی ڕێگاو بان و گواستنەوەی سنە بە هۆی وەرنەگرتنی پارە، ڕەخنەیان لەو ئیدارەیە گرت.
هەواڵدەریی “ئیلنا” لەو باریەوە ڕایگەیاند: ساڵی پێشوو پاش تێکەڵکردنی ئیدارەی ڕێگا و گواستنەوە، ئەو ئیدارەیە، بە بەشی کەرتی تایبەت دراوە و کێشەکان لەو کاتەوە دەستی پێکردووە.
بە وتەی یەکێک لە کرێکاران، پاش دانە دەستی ئەو ئێدارەیە بە کەرتی تایبەت، کێشەکە لەو کاتەوە دەستی پێکردووە و نزیکەی ٢٠٠ کرێکاری ئەو ئیدارەیە ماوەی ٣ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە.
یەکێکی دیکە لە کرێکارن دەڵێ: “ماوەی ١٥ ساڵە پیشینەی کارم لەو ئێدارەیەدا هەیە، تەنیا پارەی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵم وەرگرتووە و هاوکارەکانم لە شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە دۆخی هاوشێوەی منیان هەیە و بەرپرسە حکوومەتییەکان وەڵامدەر نین”.
بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی ڕێگا و گواستنەوەی سنە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند: کێشەکە لە ئێدارەی گشتیی شاری سنە دایه، پارە و بوودجەی بۆ شارەکانی پارێزگای سنە نەنێردراوە و دەبێ لە ئێدارەی گشتی ئەو مەسەلەیە بەدواچوون و چارەسەر بکرێ.
هەر لەو پەیوەندیەیدا، کرێکاری کانگای زێڕی زەرشۆرانی شاری تیکاب بە هۆی داخرانی ئەو کانگا زێڕە بێکار بوون و ماوەی ٥ مانگیشە ئەو کرێکارانە مووچەیان وەرنەگرتووە.











