ئازاد كرانی تەواوو بێ مەرجی ١٠ كەس لە گیراوەكانی خۆپێشاندانەكانی ئەم دواییانە لە شاری سەردەشت وەدرۆ خرایەوە.
پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئازادكرانی تەواوی ١٠ كەس لە دەستبەسەر كراوەكانی خۆپێشاندانەكانی ئەم دواییانەی شاری سهردهشت که لە لایەن كۆمەڵێك لە ڕاگەیەنەكان باسی کرا، بنەماڵەی ئەم گیراوانە بە ماف نیووزیان ڕاگەیاندووە كە ئەم كەسانە تەنیا بە مەرج ئازاد كراونو لە ڕێكەوتێكی دیاریكراودا، دادگایی دەكرێن.
چەند كەس لە ئەندامانی بنەماڵەكانی ئەم زیندانییانە دهڵێن ئازیزهکانیان بە دانانی بارمتەی جۆراوجۆری لە ٤٥ میلیۆن تمەنەوە تا٣٠٠ میلیۆن تمەن، بە مەرج ئازاد كراونو پێیان گوتوون كە لە داهاتوودا كاتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی دادگاكەیان پێ ڕادەگەیەندرێ. هەروەها بەم ١٠ كەسەیان گوتوە تا كاتی پێڕاگەیشتن بە پەروەندەكانیان لە دادگا، مافی چوونە دەر لە وڵاتیان نییە.
پێشتر كۆمەڵێك لە ڕاگەیەنەكان ئیدیعایان كردبوو كە ئەم ١٠ كەسە، بەبی هیچ مەرجێك لە زیندان ئازاد كراونو تەنیا كەسێك لە گیراوەكانی سەردەشت كە دانی بە بەشداری كردن لە خۆپێشاندانەكاندا هێناوە، لە زینداندا ڕاگیراوە.
جێی باسە كە زیاتر لە ١٥٠ كەس لە شاری مههابادو سهردهشت لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەدوای كۆبوونەوەكانی پشتیوانی كردن لە ناڕەزایەتییەكانی شاری مەهاباد دەستبەسەر كراون و تا ئێستاش كەشێكی تەواو ئەمنیەتی باڵی بەسەر شار و ناوچەكانی كوردستاندا كێشاوە.