به سڵاو و ڕێز بۆ هه‌موو لایه‌ک!
له‌لایه‌ن حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه ده‌سخۆشی به ڕێکخه‌ران و به‌ڕێوبه‌رانی ئه‌م شکۆمه‌ندیه‌ی خۆڕاگریی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ڵێم. ته‌بیعه‌ته‌ن ئێمه وه‌ک حیزبی دێموکراتی کوردستان پشتیوانی و پێشوازی له هه‌ر ده‌سپێشخه‌رییه‌ک ده‌که‌ین که ببێته هۆی ئه‌وه‌ی میلله‌ته‌که‌مان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێکه‌وه کارێک ئه‌نجام بدا.
سڵاو له نزیک به چوار ده‌هه خه‌بات و خۆڕاگریی گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان؛ سڵاو له شه‌هیدانی ئه‌م خۆڕاگرییه، له سه‌ربازه ناودار و بێناوه‌کانی ئه‌م خۆڕاگرییه له سه‌نگه‌ره‌کانی پێشمه‌رگه‌دا، له زیندانه‌کان، له زانکۆکان، له کۆڵان و مه‌یدانه‌کانی شار، له کێڵگه و مه‌زراکانی گوند، له نێوخۆی وڵات و له ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له هه‌نده‌ران.
٢٨ی گه‌لاوێژ ده‌سپێکی خۆڕاگریی گه‌لی ئێمه له ڕۆژهه‌لاتی کوردستان نییه، چونکه ئه‌م خۆڕاگرییه درێژه‌ی خه‌باتێکی ده‌یان ساڵه و بگره سه‌دان ساڵه‌یه. پاش ئینقلابیش ده‌زانین که ڕووداوه‌کان به چه‌شنێک بوون که ئه‌م خۆراگرییه به‌ر له‌م رێکه‌وته ده‌ستی پێ‌کردبوو. به‌ڵام راسته که ٢٨ی گه‌لاوێژ خاڵێكی وه‌رچه‌رخان له مێژووی ئه‌م خۆڕاگرییه‌دا، نوخته‌ی چڕبوونه‌وه‌ی نه‌یاری و دوژمنکاریی ده‌سه‌ڵاتی تازه له‌گه‌ڵ گه‌لی ئێمه و خاڵی ده‌رکه‌وتنی ناته‌بایی دوو جۆر له جههانبینییه: جیهانبینیی فراوان و دێموکرات و پێشکه‌وتنخوازانه‌ی گه‌لی ئێمه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و، جیهانبینیی تاریکپهرهستانه و دژه دێموکراتیک و دژی گه‌لییانه‌ی ڕێژیمی ئه‌وده‌م تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووی کۆماری ئیسلامی.
هه‌روه‌ک ده‌زانن ئه‌و کاته سه‌رباری هه‌موو پڕۆپاگه‌نده‌یه‌کی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له‌مه‌ڕ به‌قه‌ولی خۆیان توندوتیژیخوازی و جوداییخوازیی گه‌لی ئێمه و سه‌ر به بێگانه‌بوونی تێکۆشه‌رانی ئه‌و گه‌له، له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش وه‌كوو باقیی به‌شه‌کانی ئێران هه‌لومه‌رجێکی ئینقلابی له ئارادا بوو. به‌ڵام ده‌قیقه‌ن له‌به‌ر ئه‌و ناته‌بایی و نالێکییه له جیهانبینیی نێوان کورد و ده‌سه‌ڵاتی تازه‌دا و له‌به‌ر ئه‌وه که ڕێژیم و شه‌خسی خومه‌ینی ده‌یانزانی کورد چی ده‌وێ و ده‌شیانزانی که جێبه‌جێکردنی ئه‌و شته که کورد ده‌یهه‌وێ له‌گه‌ڵ کۆی ئه‌و سیستمه که ئه‌وان ده‌یانویست له ئێران‌دا دایبمه‌زرێنن ناکۆکه، سه‌رباری هه‌موو هه‌وڵه‌کانی گه‌لی ئێمه و پارته سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێکی ئاشتییانه و بۆ شانس به‌خشین به ڕێگاحه‌لی سیاسیی مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران، ڕووداوه‌کانی سنه، نه‌غه‌ده، مه‌ریوان و پاوه روویان دا و دواتریش واته پاش شکستی به‌ناو وتوووێژه‌کان سیاسه‌تی داگیرکاری و سیاسه‌تی عه‌رزی سووتاویان له کوردستان به سه‌رتاسه‌ری کرد. ئه‌وه‌ش نیشانی دا که سیستمی تازه به ته‌ما نییه گوێ له داواکانی گه‌لی ئێمه بگرێ و پارته سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان جگه له گرتنه به‌ری رێگای خۆڕاگری و سه‌ربه‌رزی بژارێکی دیکه‌یان له‌پێش نه‌مابوو.
له سی و هه‌شت ساڵه‌ی ٢٨ی گه‌لاوێژدا، ده‌بینین که گه‌شه‌سه‌ندنی گه‌وره له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مافی گه‌لان له دنیادا و ته‌نانه‌ت له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسی کورد له پارچه‌كانی دیکه‌ی کوردستاندا رووی داوه. به‌خۆشییه‌وه ئه‌مڕۆ خوشک و برا کورده‌کانمان له باشووری کوردستان له چه‌ند قهدهمیی ههنگاوێکی گه‌وره‌دان و لێ‌بڕاون ڕێفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێوه ببه‌ن. ته‌بیعه‌ته‌ن ئێمه وه‌کوو حیزبی دێموکرات پشتیوانیی لێ ده‌که‌ین و هیوادارین که خوشک و براکانمان له‌و به‌شه‌ی کوردستان به یه‌کڕیزییه‌وه به‌پیل ئه‌م چالێنجه گه‌وره‌یه بچن که ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییه.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، سه‌رباری خه‌بات و خۆڕاگرییه‌کی گه‌لی ئێمه که هه‌روا به‌رده‌وامه، ده‌بێ دانی پێدا بنێین که به داخه‌وه به زۆر هۆکاری پێوه‌ندیدار به سیستم له ئێران و دۆخی تایبه‌ت به ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و بارودۆخی نێونه‌ته‌وه‌یی، پرسی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌متر سه‌رنجی پێ ده‌درێ. ئه‌و که‌متر سه‌رنج پێدان و له په‌راوێز که‌وتنه که ئێمه ده‌بێ به‌دژی ڕاوه‌ستین و قه‌ره‌بووی بکه‌ینه‌وه، به‌شێکیشی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که ئێمه بۆخۆشمان به‌و جۆره‌ی پێویسته یه‌کگرتوو نین. له‌نێو هیچ میلله‌تێکدا به‌قه‌د میلله‌تی کورد باسی یه‌کگرتن ناکرێ، که‌چی به‌داخه‌وه هیچ میلله‌تێکیش ئه‌وه‌نده‌ی میلله‌تی ئێمه نایه‌کگرتوو نییه.
ئێمه پێمان وایه بۆ هه‌ستاندنه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری خه‌باتی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و بۆ به فاکتۆر کردنه‌وه‌ی پرسی کورد له ئێران، پێویسته هه‌موو به‌ستێنه‌کان و هه‌موو لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان جگه له ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ لایه‌نێک به ئامانج نه‌گرن. پێویسته تێ‌بکۆشین به وتارێکی هه‌مه‌لاگیر که ته‌واوی کۆمه‌ڵگای ئێمه ببینێ و هه‌موو به‌ستێنه‌کان و هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی خه‌بات ئه‌کتیڤ بکا، خه‌بات به مه‌یدانی و به جه‌ماوه‌ری بکه‌ینه‌وه. پێویسته ناکۆکی و جیاوازییه نیوخۆییهکانمان وه‌لابنێین و هه‌وڵ بده‌ین ڕاستگۆیانه تهوازووعمان هه‌بێ، شه‌هامه‌تمان هه‌بێ و به کرده‌وه کار بۆ یه‌کریزیی میلله‌ته‌که‌مان بکه‌ین. هه‌ر له‌پێناو بووژاندنه‌وه‌ی خه‌باتدا پێویسته گه‌لی ئێمه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، چ له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حاکم و نوخبه‌ی سه‌راسه‌ری که به داخه‌وه ئه‌مڕۆ له ڕابردووش زیاتر به نیسبه‌ت خواسته‌کانی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان گوێیان که‌ڕه و چ ته‌نانه‌ت له به‌رامبه‌ر دنیای ده‌ره‌وه‌شدا، به دوور له هه‌ر چشنه پاشکۆیه‌تییه‌ک هه‌وڵ بدا ده‌نگێكی هاوبه‌ش دروست بکا.
سه‌باره‌ت به خودی ٢٨ی گه‌لاوێژیش، یادکردنه‌وه‌ی ٢٨ی گه‌لاوێژ پیرۆزه، پێویسته، و جێگای خۆیه‌تی ئه‌و شکۆمه‌ندییه که به‌و خۆڕاگرییه ده‌به‌خشرێته‌وه، بکرێته نه‌ریتێکی هاوبه‌ش. بێگوومان هه‌موومان به‌جیا هه‌موو ساڵێ یادمان کردۆته‌وه، به‌ڵام دیسان ده‌سخۆشی ده‌ڵێمه‌وه به وانه‌ی که ئیبتکاری ئه‌و کاره‌یان گرته ده‌ست -و ئێمه‌ش له پشتیان بووین – بۆ ئه‌وه که ئه‌مساڵ هه‌موومان پێکه‌وه ئه‌و یاده بکه‌ینه‌وه. به‌ڵام ته‌نیا یادکردنه‌وه‌ش کافی نییه و ئێمه پێویسته له ٢٨ی گه‌لاوێژ به‌کرده‌وه هێندێک ده‌رسیش وه‌ربگرین که زۆر خێرا عه‌رزتان ده‌که‌م: یه‌که‌مین ده‌رس که ئێمه ده‌بێ له ٢٨ی گه‌لاوێژی ٥٨ وه‌ری بگرین، وه‌بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌و راستییه‌یه که له‌و شوێنانه‌ی گه‌لی ئێمه پێکه‌وه و پارته‌کانمان به‌سه‌ریه‌که‌وه خۆڕاگرییان له به‌رامبه‌ر هێرش و قه‌ڵاچۆ و داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی ده‌کرد، هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی باشتر شکستیان ده‌خوارد. ئێستا پێویسته بیر بکه‌ینه‌وه که چ جۆرێک له ناهه‌ماهه‌نگی و نایه‌کگرتوویی له‌م قۆناغه‌دا بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه تووشی جۆرێک له پاشه‌کشه بین، ئه‌گه‌رچی خۆڕاگرییه‌که هه‌ر به‌و شکۆمه‌ندییه که ئێستا ناوی لێنراوه، تا ئێستا به‌رده‌وامه.
ده‌رسێکی دیکه که پێویسته له ٢٨ی گه‌لاوێژ وه‌ری بگرین ئه‌وه‌یه که وه‌کوو گه‌لانی دیکه‌ی دنیا که قه‌ڵاچۆکردنیان ده‌که‌نه بنه‌مای شه‌رعیه‌ت و وجوودی سیاسیی خۆیان، ئێمه‌ش ده‌بێ یاده‌وه‌ریی قه‌ڵاچۆکردنی گه‌له‌که‌مان بکه‌ینه بنه‌مای شه‌رعییه‌تی سیاسی و حقووقیی ویست و خه‌ونه‌کانی ئه‌و گه‌له.
پێویسته زیاتر کار له‌سه‌ر ٢٨ی گه‌لاوێژ و ڕووداوه‌کانی دواتر که جینایه‌تی شه‌ڕ، جینایه‌تی دژه‌مرۆیی، و ته‌نانه‌ت جینایه‌تی ژێنۆساید له‌دژی گه‌لی ئێمه‌یان لێ که‌وتۆته‌وه، بکه‌ین. ئه‌وانه پێویسته به دۆکومێنت بکرێن، زیاتر له‌قاو بدرێن و ببنه ئامرازی قانوونی و سیاسی و مێدیایی به‌هێزتر بۆ شه‌رعییه‌ت و حه‌قانییه‌تی خه‌باتی میلله‌تی ئێمه به‌ڕووی دونیای ده‌ره‌وه‌دا.
جیا له‌وه با ٢٨ی گه‌لاوێژ روونتر و ئاکامدارتر بچێته نێو گوتاری سیاسیی ڕزگاریخوازانه‌ی پارته سیاسییه‌کانی ئێمه. هه‌روه‌کوو چۆن پاش ٢٦ی سه‌رماوه‌ز و ڕووخانی کۆمار ئه‌رته‌شی شاهه‌نشاهی نه‌ک به ئاره‌زووی گه‌لی ئێمه به‌ڵکوو به‌زۆر گه‌ڕایه‌وه ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، پاش ٢٨ی گه‌لاوێژیش ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که وڵاتێکی ئازاد بوو و حیزبه‌کانی ئێمه بۆخۆیان به‌رێوه‌یان ده‌برد، ئه‌رته‌ش و سوپای رێژیمی نوێ به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی گه‌لی ئێمه و به سیاسه‌تی داگیرکاری جارێکی دیکه هاته‌وه چه‌کمه‌کانی خسته‌وه سه‌ر ئه‌و خاکه. ئه‌وه‌ش حه‌قانییه‌ت ده‌دا به سروشتی ڕزگاریخوازانه‌ی خه‌باتی ئێمه و پێویسته به متمانه به‌خۆبوون و به‌بێ دوودڵی له وتاری سیاسیی خۆماندا باسی بکه‌ین.
ئاخرین ده‌رس که پێم وایه ده‌بێ له ٢٨ی گه‌لاوێژی وه‌ربگرین، ئه‌وه‌یه که هه‌روه‌کوو گوتم پێویستیمان به لێک‌گرێدانی هه‌موو شێوه‌کانی خه‌بات هه‌یه. له به‌ره‌به‌ری ٢٨ی گه‌لاوێژ و پاش ٢٨ی گه‌لاوێژ زۆر شت ڕوویان داوه که هه‌ر ئه‌و کاته فره‌ڕه‌هه‌ندی و فرهبهستێنیی خه‌باتی ئێمه‌یان جێ خستووه. له‌و فه‌سڵه دایه که ڕێپێوانه مێژووییه‌که‌ی خه‌ڵکی مه‌ریوان هاوکاته له‌گه‌ڵ به‌ربه‌ره‌کانی و خۆڕاگری و فیداکاریی پێشمه‌رگه له سه‌نگه‌ره‌کانی دیفاع له ئازادی. به‌گشتی ده‌رسه‌کانی ٢٨ی گه‌لاوێژ بۆ ئه‌مڕۆش ده‌توانێ ئیلهامبه‌خش و سه‌رمه‌شقمان بێ.
به‌هیوای ئه‌وه که ئه‌م یاده‌وه‌رییه به‌شکۆیه له ساڵانی داهاتووشدا به مێکانیزمی وردتر و چڕتر به‌رده‌وام بێ و ئه‌گه‌رچی ئه‌مه بۆ ڕه‌وه‌ندی کوردی ڕۆژهه‌ڵاته به‌ڵام ئێمه‌ش وه‌ک حیزبه سیاسییه‌کان له‌پشتتان ده‌بین. چونکه پارته‌کان و خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات چ له نێوخۆ و چ له ده‌ره‌وه نابێ له یه‌کتر جیا بکرێنه‌وه. ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێ ته‌ئکیدی له‌سه‌ر بکه‌ین ده‌قیقه‌ن ئه‌وه‌یه که هه‌موو چین و توێژه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا، هه‌موو تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا و کۆمه‌ڵگا به گشتی له‌و خه‌باته هاوبه‌شه‌دا ئه‌رکدار بکه‌ین و پێمان وا نه‌بێ که خه‌باتی ڕزگاریخوازانه ته‌نیا له مۆنۆپۆلی پارته سیاسیه‌کاندایه، ئه‌گه‌رچی پارته سیاسییه‌کان ڕیساله‌تێکی پێشڕه‌وانه‌یان هه‌یه که حاشای لێ ناکرێ و مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێرانیش له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان وه‌ک پرسێکی سیاسی ناسێندراوه و ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ.
له‌کۆتاییدا سوپاس بۆ گوێگرتنتان و به هیوای وه‌دیهاتنی ئامانجه‌کانی شه‌هیدانی ٢٨ی گه‌لاوێژ.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.