ئێواره‌ی هه‌ینی، ٢٥ی ئاگوستی ٢٠١٧، له ئاکامی کێشه‌یه‌کی نێوان بنه‌ماڵه‌یه‌کی خه‌ڵکی گونده‌ژۆر له قه‌زای چۆمان و پێشمه‌رگه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران‌دا، به‌داخه‌وه دوو که‌س له خه‌ڵکی ئه‌و گونده گیانیان له ده‌ست دا و چه‌ند که‌سی دیکه‌ش بریندار بوون. ڕووداوێک که بووه هۆی په‌ره‌ئه‌ستاندنی گرژی و نائارامی له‌و ده‌ڤه‌ره.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م ڕووداوه هیچ پێوه‌ندییه‌کی به حیزبی دێموکڕاته‌وه نیه، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ره‌نجامه نه‌خوازراوه‌کانی ئه‌م ڕووداوه، به‌پێویستی ده‌زانین هه‌ڵوێستی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌شێوه‌ی خواره‌وه ڕابگه‌یه‌نین:
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ئه‌م ڕووداوه پێویستی به لێکۆڵینه‌وه‌ی وردتر و زیاتر هه‌یه، به‌ڵام له‌هه‌رحاڵدا په‌نابردن بۆ چه‌ک له‌لایه‌ن هه‌ر لایه‌نێکه‌وه ڕوو به دانیشتووانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره و بۆ کێشه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه، به هه‌ڵه‌یه‌كی مه‌ترسیدار ده‌زانین و پێویسته به جۆرێك لێپرسینه‌وه و به‌دواداچوونی بۆ بکرێ که پێش به دووپاتبوونه‌وه‌ی کاره‌ساتی له‌م چه‌شنه بگیرێ.
خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری باڵه‌کایه‌تی و به‌تایبه‌تی ئه‌و شوێنانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی لێ جێگیره، مێژوویه‌کی دوور و درێژیان نه‌ك هه‌ر له خه‌بات و تێکۆشان له‌پێناو مافه‌کانی گه‌لی کورد له باشووری کوردستاندا هه‌یه، به‌ڵکوو هه‌میشه پاڵپشت و دڵسۆزی بزوتنه‌وه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش بوون؛ به‌تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی قوربانییه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته نزیک به سێ ده‌هه ڕابردووی دۆستایه‌تیی زۆر گه‌رمیان له‌گه‌ڵ حیزبی ئێمه هه‌یه و له ساڵانی دواییشدا که پێشمه‌رگه‌کانی ئێمه به‌هۆی پێویستییه‌كی ڕه‌وای بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵات له‌و ده‌ڤه‌ره جێگیر بوونه‌وه، نه‌ک هه‌ر هیچ کێشه‌یه‌ک له‌نێوانماندا ڕووی نه‌داوه به‌ڵکوو باشترین جۆری دۆستایه‌تی و هاودڵی له‌نێوان ئێمه و خه‌ڵکی ئه‌و گونده و به‌گشتی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌دا هه‌بووه.
ئێمه وێڕای سه‌ره‌خۆشی و ده‌ربڕینی هاوخه‌می له‌گه‌ڵ که‌سوکاری قوربانییه‌کان و خه‌ڵکی ئه‌م ده‌ڤه‌ره، چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌شمان لێیان هه‌یه که بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دۆخه هه‌ستیاره‌دا که گه‌لی کورد به‌تایبه‌تی له باشووری کوردستان پێیدا تێده‌په‌ڕێ دژمنانی کورد نه‌توانن درز و ناخۆشی بخه‌نه نێو ڕیزه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان، یارمه‌تی به ئارامبوونه‌وه‌ی دۆخه‌که بکه‌ن و ڕێگه نه‌ده‌ن که به‌هۆی درێژه‌کێشانی گرژییه‌کانه‌وه برایه‌تیی نێوان کوردی هه‌ردوو به‌شی کوردستان خه‌وشدار بێ.
بێگومان پێویسته داموده‌زگا پێوه‌ندیداره‌کان ئه‌رکی خۆیان له به‌دواداچوونی ئه‌و کاره‌ساته‌دا به دروستی و به جیدییه‌ته‌وه جێبه‌جێ بکه‌ن. وه‌ک حیزبی دێموکراتی کوردستانیش ئاماده‌ی هه‌ر جۆره هاوکارییه‌کین که ببێته هۆی ئاسایی بوونه‌وه‌ی دۆخه‌که و گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌زعیه‌ته‌که بۆ حاڵه‌تێک که هه‌م هێزه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له جێبه‌جێکردنی ئه‌رکی خه‌باتگێڕانه‌ی خۆیان له سنووره‌كان به‌رده‌وام بن، هه‌م ڕه‌عایه‌تی دانیشتووان و خه‌ڵکی خۆشه‌ویستی ئه‌م ده‌ڤه‌ره بکرێ.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
٢٦ی ئاگوستی ٢٠١٧