پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢ی خەرمانانی ٩٦ی هەتاوی ڕێوڕەسمی کرانەوەی کۆنگرەی هەشتەمی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێرناوی: کۆنگرەی ٧٥ساڵ خەبات وتێکۆشان و بە دروشمی تێدەکۆشین لە پێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش، بەڕێوەچوو.
کاتژمێر ١٠ی بەیانی بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکان و تێکۆشەرانی دێموکرات و چەندین لایەن و ڕێکخراوی مێوان و، کۆمەڵێکی بەرچاو لە لاوان و ئەندامانی ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەشتەمین کۆنگرەی ئەو ڕێکخراوەیە کرایەوە.
دوای سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە یادو ناوی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان بەتایبەتی شەهیدانی لاو، پێشەوا عەلیپوور سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بەو کۆنگرەیەو چەند خاڵێکی پێوەندیداری بۆ ئامادەبووان باس کرد.
ناوبراو قسەکانی بەوە دەسپێکرد کە بە هۆی بارو دۆخی سیاسی و قوناخەکانی ئاستەمی خەبات، رێگەی نەداوە کە لە تەمەنی ٧٥ساڵەی ئەو ڕێکخراوەیە زیاتر لە ٨ کۆنگرە ببەستێ.
پاشان پێشەوا عەلیپوور بە خستنەبەرباسی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران و کوردستانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، دەور و رۆڵی لاوانی لە چەسپاندنی مافە نەتەوایەتییەکان و بنەما دێموکراتیکەکان بەرز نرخاند.
ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانی وتی: سەرەڕای هەموو هەوڵ و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی کورد و بەتایبەتی چینی ئاکتیڤی لاوان ، ئەگەر بە پێی پلان و خەمساردی بەداخەوە بەشێک لە لاوان تووشی گرفتە کۆمەڵایەتیەکانن وەکوو تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان بەڵام لە بەرانبەر ئەوە دیسان لاوانی لە سەر پێ و خەمخۆرن کە بەرەنگاریی لە کۆـەڵگەی لاوان دەکەن و نموونەکەشمان لە چالاکییەکانی ئەم دواییانەی نێوخۆی وڵات بینی.
دوای قسەکانی پێشەوا عەلیپوور پێشکەشکاری رێوڕەسمەکە ژینا پاکدامەن وێڕای بەخێرهاتن کردنی سەر لەنوێ مێوانەکان چەند برووسکەیەکی پیرۆزبایی لایەن و ڕێکخراوەکانی خوێندەوە.
پاشان وەکوو نەریتێکی ئەو ڕێکخراوەیە سامان فەقهـ نەبی سکرتێری پیشووی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، پەیامی کرانەوەی کۆنگرەی هەشتەمی پێشکەش کرد.
ناوبراو لە چەند وتەیەکدا باسی لە مێژوو و ژیانی سیاسی ڕێکخراوی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد.
سامان فەقیهـ نەبی لە بەشێک لە قسەکانی دا بە ئاوردانەوەیەک لە سەربردەی ڕیکخراوی لاوان و هەڵسەنگاندنی خەبات و دەسکەوتی ئەو ڕێکخراوەیە وتی: لە وەها دۆخێک کە کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵی ئەوەیە کە لاوان وەکوو چینی بەورە و بە وزە، لە خەسڵەتەکانی خۆی دوور بخاتەوە ، کەواتە ئەرکی سەرشانی لاوانی کورد لە نێوخۆی وڵات قورستر دەکا بۆ بنیات نانی ژینگەی سیاسیی و دێموکراتیک، هەربۆیە پێویستە لاوان چ وەکوو تاک وچ وەکوو هاتنە مەیندان بە شێوەی ڕێکخراوەیی هەموو هەوڵی خۆیان وەگەڕ بخەن بۆ سەرخستنی گەلەکەمان.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە بە شێوەی فەرمی ئەو کۆنگرەیە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
دواتر کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامی دەفتەری سیاسیی حدکی پێشکەش بەو ڕێوڕەسمە کرد.
کەماڵ کەریمی وێڕای پیرۆزبایی کردن لە سەرجەم بەشداربووانی ئەو رێوڕەسمە بەتایبەتی لاوان و ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە، چەند وتەیەکی باس کرد.
ناوبراو بە گرینگیدان بە مێژووی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان کە لەسەر بنەمای فیکری کۆمەڵەی ژێکاف و هەڵقوڵاوی بیرمەندی پێشەوا قازی محەممەد کە بۆ بە هۆی دامەزرانی ڕێکخراوەیەک کە لە درێژەی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەیی خۆی هەبووە.
کەماڵ کەریمی لە درێژەی قسەکانی خۆیدا بە لە بەرچاو گرتنی چالاکییە جیاجیاکانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشانی ئەوانی بەرز نرخاند و، هیوای خواست کە لەسەر ڕێچکەی میژووی یەکیەتیی لاوان و هەڵدان بۆ بە ئەمرۆیی تر کردنی خەبات وتێکۆشانیان، زیاتر خۆیان ماندوو بکەن.
لە بڕگەیەکی دیکە پەیامی بنەماڵەی شەهیدان لە لایەن محەمەدئەمین کەریمی باوکی شەهیدی لاو، ناسر کەریمی یەکێک لە شەهیدانی کردەوە تیروریستیەکەی یەڵدای خوێناویی دێموکرات، خوێندرایەوە.
لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمە پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی چەندین رێکخراو و لایەنی کوردستانی کە بۆ ئەو ڕێوڕەسمە نێردرابوو خوێندرانەوە.
دوای پێشاندانی کلیپێکی ویدیۆیی کە سروودێکی تایبەت بە شەهیدان و بە وێنەی لاوانی شەهید و کوچکردووانی دێموکرات ڕازابۆوە یادو بیرەوەریی شەهیدان و کووچکردوانی ئەندامی یەکیەتیی لاوان بەرزڕاگیرا.
شایانی باسە ئەو کلیپە لە لایەن بەشی ڕاگەیاندنی یەکیەتیی لاوان ئامادە کرابوو.
دوای پێشکەش کردنی چەند برووسکەی پیرۆزبایی دیکەی لایەن و ڕێکخراوەکانی کوردستانی و دەرەوی کوردستان ،خاتوو تریفە ئەحمەدی ئەندامی ڕاویژکاری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان پەیامی ئەو ڕێکخراوەیەی خوێندەوە.
لە بەشێک لە پەیامی یەکیەتیی ژیانی دێموکراتی کوردستان هاتبوو: مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی جیهان و کوردستان شاهیدی بۆ ئەو ڕاستیە دەدات کە لاوان قەڵای داکۆکی لە عەداڵەت و یەکسانی و توانای بڕیاردانی تاک و کۆمەڵگەن و لەسەر مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان لە بەرامبەر ویستی داگیرکەر و ستەمکاراندا.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمی بەستنی کۆنگرەی هەشتەمی یەکیەتیی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، پەیامی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لە لایەن سۆما حەکیمزادە پێشکەش کرا.
لە پەیامی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکاران سەرەنجی بارودۆخی ئێران و کوردستان درابوو.
لە کۆتایی پەیامەکەیان هاتبوو:هیوا دارین دەرهاوێشتەی بڕیارە فێکریەکانی کۆنگرەتان لە جاران زیاتر لە خزمەتی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابێ.
شایانی باسە کۆنگرەی هەشتەمی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان ، پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە و رۆژی هەینی درێژە بە کارەکانی خۆی دەدا و، رۆژی شەممە ٤ی خەرمانان جێژنی کۆتایی کۆنگرەی هەشتەم بەڕێوە دەچێ.