لەبەرەبەری ٢٣ی گەلاوێژ، نۆهەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەی بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەهیدان هەمزە سارتکەیی، قادر قادری و قادر نەزمی کە هاوینی ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی لە شەڕێکی نابەرامبەر لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی رەبەت شەهید بوون، کتێبی «بابە گیان کەی دەگەڕێیەوە؟» چاپ و بڵاوبوویەوە.
ئەحمەد مەکڵاوەیی، کادری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نووسەری ئەم کتێبە دەڵێ بە مەبەستی وەفا بۆ شەهید هەمزە و هاوڕێیانی و هەروەها لەبەر گرینگیی ئەو حەڕەکەتە سیاسی و نیزامییەی لە هاوینی ١٣٨٧دا بە فەرماندەیی شەهید هەمزە کرا، دەستی داوەتە نووسینی ئەم کتێبە.
«کوردستان» بەباشی زانی لەو پێوەندییەدا وتووێژێک لەگەڵ بەڕێزیان بکا:
چۆن بوو له به‌ره‌به‌ری ٩ ساڵه‌ی شه‌هید بوونی شه‌هیدانی 23ی گه‌لاوێژدا ئه‌و كتێبه‌ت چاپ و بڵاو كرده‌وه؟
ساڵێک دوای شه‌هید بوونی شه‌هیدانی ٢٣ی گه‌لاوێژی ١٣٨٧ی هه‌تاوی، به مه‌به‌ستی رێزگرتن له كاك هه‌مزه سارتكه‌یی و هاوڕێكانی كه رێچكه‌ی خه‌باتێكی نوێیان بۆ حیزبی دێموكراتی كوردستان به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كرده‌وه، من ئه‌م كتێبه‌م نووسی و، داوام له چه‌ند به‌رپرسی حیزب كرد كه وه‌ك حیزب چاپی بكه‌ن و بڵاو بكرێته‌وه، به‌ڵام نه‌كرا، لەبەر ئەوەش کە ئیمكانی ئه‌وه‌م نه‌بوو له سه‌ر گیرفانی خۆم چاپ و بڵاوی بكه‌مه‌وه، کارەکە دواخرا. به‌ڵام ئه‌مساڵ به هیممه‌تی چه‌ند ئه‌ندامێکی حیزبی دێموكراتی كوردستان له ده‌ره‌وه و باشووری كوردستان چاپ كرا و بڵاوبوونەوەی کەوتە ئەم ڕۆژانە. مەبەستی سەرەکیم لە ئامادەکردنی ئەو کتێبە ئەوەیە ئەم پەیامە به دوژمن بدەم کە شه‌هیدانی ٢٣ی گه‌لاوێژی ١٣٨٧ له نێو دڵی كچ و كوڕانی دێموكرات و به گشتی نه‌ته‌وه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا هه‌روا زیندوون و له بیر نه‌چوونه‌وه و ناچنه‌وه. ئەوان مەشغەڵی هیوا بە داهاتوویەکی ڕوون و پڕ شانازییان داگیرساند و بوونە ڕچەشکێن و سەرمەشق بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی دی و نوێ لە خەباتی حیزبەکەمان.
له‌و كتێبه‌دا زیاتر گرینگیت به چی داوه و باسه سه‌رەكییه‌كانی چین؟
ئەمن زۆرتر گرینگیم به قاره‌مانه‌تی و له خۆبوردوویی، ئازایه‌تی و فیداكاری، ماندوویی نه‌ناسی و ڕهچهشكاندنی ئەو شەهیدانە لە وەرزێکی نوێی خه‌باتی حیزبەکەمام داوه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاتووم باسم له خۆشه‌ویستیی هه‌مزه له نێو خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكرات‌دا كردوه.
باسه سه‌ره‌كییه‌كانیش بە گشتی بریتین لە ژیانی سیاسیی فەرماندە هەمزە و تیشک خستنە سەر ڕابردووی تێکۆشان و خه‌باتی ئه‌و فه‌رمانده هەڵسووڕە له ناوچه‌كانی ڕه‌به‌ت، بانه، سه‌قز و سه‌رده‌شت.
پێش شەهید هەمزە فەرماندەی شەهیدی دیکەش لە ناوچەی خۆتان کەم نەبوون. بۆ شه‌هیدانی ٢٣ی گهڵاوێژت هه‌ڵبژارد، ئایا ئه‌وه هۆكاری تایبه‌تیی هه‌بوو؟
به‌ڵی هۆكاری تایبه‌تیی هه‌بوو، ئەویش ئەوەی ٢٣ی گه‌لاوێژ له نێو حیزبی دێموكراتی کوردستاندا جێگه‌یه‌كی تایبه‌تیی هه‌یه، له‌و ڕۆژه‌دا فه‌رمانده‌یه‌كی ئازا و فیداكاری حیزبی دێموكراتی كوردستان و دوو هاوڕێی شەهید بوون، پێش شەهیدبوونی ئەوان ئەم تیمەی کە هەمزە سارتکەیی فەرماندەیی دەکرد توانیبوویان دوڕگه‌ی ئارامی کوردستان لە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم و سپای پاسداران بشڵەقێنن، کەشێک کە بە زەبری چەک و پۆستاڵ بەسەر کوردستاندا زاڵ کرابوو. ئەوان توانییان جووڵەیەکی زۆر گرینگ بکەن و تینێکی تایبەت بدەنەوە بە خەبات و تێکۆشانی حیزب. ئەوەش وایکردوە کە ئێستاش دوای ٩ ساڵ بە چاوێکی تایبەتەوە سەیری ئەو حەماسەیە و ئەم لاپەڕە تایبەتییە لە مێژووی نوێی خەباتەکەمان بکرێ؛ لاپەڕەیەک کە بە خوێنی شەهید هەمزە و هاوڕێکانی نەخشاوە.
«بابەگیان کەی دەگەڕێیەوە؟» ئەوە ناوی کتێبەکەتە. له به‌ر چی ئه‌و ناوه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردوە؟
به‌یانیی ئه‌و ڕۆژه‌ی شەهید هه‌مزه به‌ره‌و ناوچه وەڕێ کەوتبوو، ئەمن بۆ هەندێ کاروبار دهچوومە شاری كۆیه. كه به به‌ر ده‌ركی ماڵی هه‌مزه‌دا تێپەڕیم، گوێم لێ بوو «ژیما»ی كچی ده‌گریا و ده‌یگوت : بابه گیان كه‌ی ده‌گه‌ڕێیه‌وه؟ جگه له‌وه‌ش، ئێواره‌ی 25ی گه‌لاوێژ، دوو ڕۆژ دوای شەهیدبوونیان كه هه‌واڵی کارەساتەکە هات، دیسان هه‌ر له به‌ر ده‌ركی ماڵی خۆیان «ژیما» ده‌گریا و ده‌یگوت: «بابه گیان كەی ده‌گه‌ڕێیه‌وه؟ ئەخە تۆ چەند رۆژ پێش له ناوچه‌وه به ته‌له‌فوون به‌منت نەگوت کە به‌م زووانه ده‌گه‌ڕیمه‌وه، ئه‌دی بابه گیان كه‌ی ده‌گه‌ڕییه‌وه؟» ئەو قسانە ئێستاش لە گوێم‌دا دەزرینگێنەوە. جیا لەوە هەر ئەم قسەیە و هەر ئەم داوا و پرسیارە بۆ كچه‌كانی شه‌هید قادر نه‌زمی و تەنانەت دایكی شه‌هید قادر قادریش هەر ڕاستە.
زۆر جاران كچ و خۆشك و دایكان كه كه‌سێكیان لێ دوور ده‌كه‌وێته‌وه یا ده‌مرێ یان شه‌هید ده‌بێ، پێی هه‌ڵده‌ڵێن و ده‌ڵێن بابه گیان كه‌ی ده‌گه‌ڕێیه‌وه، ئەمنیش پێم وابوو ئەم چاوەڕوانییە هێشتا تەواو نەبووە و ناتوانێ تەواویش بێ.
ڕابردووی ئاشنایه‌تی و دۆستایه‌تیی جه‌نابت و شه‌هید هه‌مزه سارتكه‌یی بۆ كه‌ی ده‌گەڕێته‌وه؟
دوستایه‌تی و ئاشنایه‌تیی ئەمن و شه‌هید هه‌مزه سارتكه‌یی بۆ به‌هاری ١٣٦٠ی هه‌تاوی ده‌گه‌ڕیته‌وه كه له نێو گوندی نستان لە ناوچەی ڕەبەت یه‌كتریمان دێ. له گه‌ڵ هه‌مزه زۆر پێكه‌وه بووین، له زۆر عەمەلیات و سه‌ركه‌وتن و شكاندا پێكه‌وه بووین، زۆرمان خۆشی و ناخۆشی دێ، به‌ڵام قه‌ت نائومێدیم له هه‌مزه نه‌دێ. ئەو کەسێکی بەبیر و باوەڕ و خەباتگێڕێکی بە ئیمان بوو کە گیانی پاکی لە سەنگەری خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەیدا بەخشی.
***
ئەحمەد مەکڵاوەیی لە چەند ڕستەدا:
* ساڵی 1339ی هه‌تاوی له گوندی مه‌كڵاوێ له ناوچەی ڕەبەت لە دایک بووە و هەتا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندوویەتی.
* ساڵی١٣٥٨ بۆتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و تێکۆشانی خۆی لە ڕیزی یەکیەتیی لاوان‌دا دەست پێکردوە. ساڵی 1360 بۆتە پێشمەرگە و ماوەی 36 ساڵە بێ وچان و دابڕان لە خزمەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەباتی نەتەوەکەیدا بووە.
* سەرپەل، جێگر دەستە، سەردەستە، ئەندامەتیی کۆمیتە شارستانی ڕەبەت، بەرپرسی کۆمیتەی ناوچە و ئەندامەتیی ناوەندی 2ی کوردستان چەند بەرپرسایەتییەکی پێشمەرگانە و تەشکیلاتیی ئەحمەد مەکڵاوەیی لەو ماوەیەدا بوون.
* تا ئێستا شەش بەرهەمی چاپکراوی هەیە کە بریتین لە: « قاسملوو سوار چاكی خه‌بات بۆ ئاشتی و دێموكراسی»، « له شاره‌كه‌م ڕه‌به‌ت بۆ ئازادی خوێن باریوه»، « له شاری خۆر (ره‌به‌ت) تا كۆیه‌ی ئه‌دیبان»، «مه‌شخه‌ڵی ئازادیخوازی»، « په‌پووله‌كان باڵ ده‌گرن» و «بابه گیان كه‌ی ده‌گه‌ڕێیه‌وه؟»
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٨.