بۆ لێدان لە ئێعتبارو ناو و کەسایەتیی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی وەک سپاو ئیتلاعاتی رێژیم، دەنگۆ و شایعەی ناڕاست و بەدرۆ بڵاو دەکەنەوە.
بە پێی ئەو هەواڵ و زانیاریانەی لە ماوەی چەند حەوتووی رابردوودا بە ناوەندی هەواڵی کوردستان و کورد گەیشتوون، ناوەندەی ئەمنیەتییەکانی رێژیم لە رێگای کەسانی دەستنیشانکراوی خۆیانەوە، دەنگۆی خراپ لە سەر ماهییەتی کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە نێو خەڵکدا بڵاو دەکەنەوەو هەوڵی بەدناوکرنیان دەدەن.
بە پێی زانیارییەکان بەکرێگیراوانی رێژیم لە چەند شارو ناوچەیەکی کوردستان بە راسپاردەی سپاو ئیدارەی ئیتلاعات، شایعەو دەنگۆی ناراستی وەک بەستراوەبوونیان بە رەوتە تێرۆریست و توندڕەوە مەزهەبییەکانی وەک داعش دەدەنە پاڵ کۆمەڵێک لە زیندانیانی خۆشناوی سیاسی و بەم جۆرە مەبەستیانە لە نێو خەڵکدا لە ئێعتبارو کەسایەتییان بدرێ.