له چوارچێوه‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌دا که رۆژی پێنجشه‌ممه، ٢٤ ی بانه‌مه‌ڕ، ژۆزێڤ پێنینگتۆن کۆنسولی گشتیی وڵاته یه‌كگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له هه‌ولێر و وه‌ڤدی هاوڕێی بۆ ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیان کرد، کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌نێوان ناوبراو و کاک خالید عه‌زیزی سکرتێری گشتیی حیزب به به‌شداریی ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی له سکرتاریای حیزب به‌ڕێوه چوو.
له‌سه‌ره‌تای ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ردوولا خۆشحاڵیی خۆیان له‌و دیدار و چاوپێکه‌وتنه و هۆگریی خۆیان بۆ په‌ره‌پێدان و قووڵکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی و دۆستایه‌تیی نێوانیان ده‌ربڕی.
پاشان باس و بابه‌ته‌کانی جێگای مه‌به‌ستی ئه‌م دانیشتنه گفتگۆیان له‌سه‌ر کرا. له‌و نێوه‌شدا خرۆشانه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی مه‌هاباد و شاره‌کانی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌دوای مه‌رگی فه‌ریناز خوسره‌وانی زۆرترین کاتی بۆ ته‌رخان کرابوو. له‌و پێوه‌ندییه‌دا سکرتێری گشتیی حیزب خوێندنه‌وه‌ی حیزبی دێموکڕات له‌و جینایه‌ته و به‌رپرسیارێتیی کۆماری ئیسلامی له‌و نێوه‌دا و به‌گشتی ئاکام و ده‌ره‌نجامه‌کانی ئه‌م رووداوه‌ی خسته‌ڕوو. دواتر سروشت و پۆتانسیه‌له‌کانی ئه‌و شه‌پۆله له ناڕه‌زایه‌تی که به‌دوای ئه‌م رووداوه‌دا له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ڕێ که‌وتووه و هه‌ڵوێست و کاریگه‌ریی پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌و پێوه‌ندییه‌دا قسه‌یان له‌سه‌ر کرا.
له به‌شێكی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌دا پاشخان و دۆخی ئێستای پرسی کورد له ئێران گفتگۆی له‌سه‌ر کرا. له‌و به‌شه‌دا وێڕای ئاماژه به ره‌هه‌نده مێژوویی و سیاسییه جۆربه‌جۆره‌کانی مه‌سه‌له‌ی کورد له ئێران، هه‌وڵه‌کانی حیزبی دێموکرات چ پاش ئینقلاب و چ دواتر بۆ یارمه‌تیدان به کرانه‌وه‌ی سیاسی و چاره‌سه‌ری ئاشتیخوازانه‌ی پرسی کورد،توانا و پۆتانسیه‌له‌کانی خه‌باتی گه‌لی کورد له ئێران و حیزبی دێموکڕات له به‌ستێنه جۆراوجۆره‌کاندا و هه‌روه‌ها پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌تایبه‌تی باشووری کوردستان باس کران.
پرسی پڕۆگرامی ناوکیی ئێران و دووره‌دیمه‌نی رێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له‌نێوان کۆماری ئیسلامی و هێزه گه‌وره‌کانی جیهان و شوێنه‌وار و ده‌ره‌نجامه‌کانی وه‌ها رێککه‌وتنێک له‌سه‌ر دۆسیه‌کانی دیکه‌ی قه‌یران له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی ئایندهی بزوتنه‌وه‌ی مافخوازیی خه‌ڵکی ئێران به‌گشتی و گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی گرینگی ئه‌و کۆبوونه‌یه بوو.
له کۆتایی کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌باره‌ت به قووڵکردنه‌وه و بردنه‌سه‌ری ئاستی پێوه‌ندییه‌کانی نێوان حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و وڵاته یه‌كگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.
شایانی گوتنه کۆبوونه‌وه و میواندارییه‌که‌ی حیزبی دێموکڕات له کۆنسولی گشتیی ئه‌مریکا سێ سه‌عاتی خایاند و له که‌شێكی زۆر گه‌رم و دۆستانه‌دا به‌ڕێوه چوو.