بە پێی ڕاپۆرتی موکریان کانگای زێڕی ڕزشۆرانی شاری تیکاب سەر بە پارێزگای ورمێ لە سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا داخرا و ١٢٠ کرێکاری ئەو کانگا زێڕە بێکار بوون. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ١٢٠ کرێکاری کانگای زێڕی ڕزشۆرانی شاری تیکاب بە هۆی داخرانی ئەو کانە زێڕە بێکار بوون و ماوەی ٥ مانگیشە ئەو کرێکارانە مووچەیان وەرنەگرتووە. ئەو کرێکارانە بە شێوەی نێونجی ١٠ هەتا ١٥ ساڵ پیشینەی کاریان هەیە. بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لەو کانگایە، یەکەی کانگای ڕزشۆرانی هەتا مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوودا (٩٥) زیاتر لە ٢٠٠ کرێکار هەبووە، کە بە هۆکارگەڵێک هەتا ئێستا ناڕوون، ٨٣ کرێکاری لە سەر کارەکەیان دەرکراون. کرێکارانی ئەو کانگا زێڕە دەڵێن: هەتا پێش ئەو ماوەیە، بارودۆخی کارکردن لەو کانگا زێڕە زۆر باش بووە و ئێستا ڕوون نیە بەڕێوەبەری ئەو کانگا زێڕە لەگەڵ چ کێشەیەک بەڕەوڕوو بووتەوە. کرێکاران دەڵێن: یەکەی کانگای زێڕی ڕزشۆران، تەنیا هەڵ و دەرفەتی کار لەو ناوچەیە بووە کە کرێکارانی ئەو ناوچەیە تێدا خەریکی کار بوون. هوروەها لەو پەیوەندییەدا، ئیدارەی گشتی تەعاون و کار و خۆشبژیوی کۆمەڵایەتی پارێزگای ورمێ وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەوڵی داخرانی کانگای زێڕی ڕزشۆران و بێکار بوونی ١٢٠ کرێکار ڕایگەیاند: یەکەی کانگای ڕزشۆران بە هۆی نەدانی پارەی خاوەنکارەکان لەلایەن کارفەرماوە داخراوە و لەو بەینەشدا تەنیا چینی هەژار و کرێکارانن کە زیانی گەرەیان بەرکەوتووە.











