دوویەمین کۆبوونەوەی دادگای رووداوەکەی شەوی یەڵدا بە ئامادەبوونی بنەماڵەی قوربانیان و گومانلێکراوانی ئەو کردەوە تیرۆریستییەو، چەند کەس لە پارێزەرانی خۆبەخشی ئەو دۆسیە لە دادگای شاری هەولێر رۆژی ٥شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژ بەڕێوەچوو.
رۆژی پێنجشەممە دادگای هەولێر بە بانگهێشت کردنی سەر لە نوێ چەند کەس لە بنەماڵەی قوربانیان و بە ئامادەبوونی پارێزەران و نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان ، دوویەمین کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوەبرد.
شایانی باسە مانگی ڕابردوو یەکەم کۆبوونەوەی دادگایی هێرشە تێرۆریستییەکەی شەوی یەڵدا دوای گوێ گرتن لە قسەی شایەتحاڵان و پێشکەش کردنی داواکارییەکان ، ئەو کۆبۆونەوە بۆ مانگێک دواخرا بوو.
لە دوویەمین کۆبوونەوەی دادگا، بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانیان و شایەتحاڵان و پارێزانی ئەو دۆسیە لە مەحکەمەی جینایەتی لقی دووی شاری هەولێر چۆنیەتی ئەو ڕووداوەو، سکاڵای بنەماڵەی شەهیدان و زیانوەبەرکەوتووان خرایە روو.
شیاوی باسە بە هۆی گرینگی ئەو دادگاییە، بە دەیان میدیا و رۆژنامەنووس چاوەڕوانی ئاکامی دادگا کە بوون، بەڵام بە هۆکاری ئامادەنوونی یەکێک لە حاکمانی ئەو دۆسیە ، بڕیاری کۆتایی دادگا ڕاگیراوە بۆ رۆژی ١٩ی مانگی داهاتوو.
شیاوی باسە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەر سێ پارێزەری خۆبەخش وبوێری پەروەندی تەقینەوەکانی شەوی یەڵدا، بەناوەکانی عەیاد کاکەیی وهێرش خزرحەسەن و سۆهراب ڕەحمەتی، هۆکاری دواخستنی دادگایان بۆ ڕای گشتی باس کرد.
هەروەها کەسوکاری قوربانیان و بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەردەم دادگای هەولێر بە هەڵگرتنی وێنەی ئازیزانی گیانبەختکردووی کارەساتی شەوی یەڵدا ، وێڕای مەحکوومکردنی سەرلە نوێ کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو ئەنجامدەری ئەو کردەوەیە ، خوازیاری پێشگرتن لە رووداوی هاوچەشن بوون.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ساڵی ڕابردوو لە کۆتایی ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا کە هاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی شەهید عەبدولڕەحمان قاسملوو لە کردەوەیەکی تێرۆریستی لە بەردەم قەڵاتی دێموکرات، ٥ پێشمەرگەو کادری حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەگەڵ دوو پێشمەرگەی ئاسایشی کۆیە شەهید بوون.
حیزبی دێموکراتی کوردستان ، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوبارەوە بە تاوانبار دەزانێ.