لە درێژەی کۆبوونەوەو خۆپیشاندانەکان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مەهابادو نارەزاتییەکانی ئەم دواییانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتوویی نۆروێژ لە بەردەم پاڕڵمانی ئەو وڵاتە لە ئۆسڵۆ کۆبوونەوەو وێرای ڕیسواکردنی کوشتنی فەریناز خوسرەوانی، دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی خەڵکی وەزاڵەهاتوویی مەهابادو شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
لەو کۆبوونەوەیەدا پەیامی خۆپێشاندەران لە لایەن خاتوو مەحبوبە رەحیمی خوێندرایەوەو لەو پەیامەدا وێڕای مەحکومکردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانو ئاماژەدان بە گرتنی سەدان کەسو بریندار کردنی دەیان کەس لە خۆپێشاندەرانی ئەم دواییانە پشتیوانیی خۆپیشاندەرانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ڕاگەیاندو داوای لە پاڕلمانو داموو دەزگا حکومەتیو مەدەنییەکانی نۆروێژ کرد وێرای مەحکوم کردنی ئەو جینایەتی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، فشاری خۆیان بخەنە سەر رێژیم بۆ لێکۆڵینەوە لەو پەروەندەیەو ئازادکرانی گیراوانی خۆپێشاندانەکانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا ” هەیکی هۆڵمۆس”، ئەندامی پارڵمانی نۆروێژ سەر بە حیزبی سوسیالیستی چەپ قسەی کردو وێڕای مەحکوم کردنی ڕووداوی مەرگی فەریناز خوسرەوانی، پشتیوانی خۆی و حیزبەکەی بۆ خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی. نابراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کوژرانی فەریناز خوسرەوانیی بەو شێوە گوماناوییە دایە بەر ڕخنەی توندو هاوکات نارەزایەتیی توندی حیزبەکەیو خۆی دژ بە کەمتەرخەمیی دامودەزگای دادوەریی ئێران دەربڕی و داوای کرد کە حکومەتی ئێران بە زووترین کات جگە لە لیپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو جینایەتە، گیراوانی خۆپیشاندانەکان ئازاد بکا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا دوکتور مەحمود ئەمیری موقەدەم، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران وتارێکی پێشکەش کردو خوێندنەوەی پەیامی پشتیوانیی حیزبی خەڵکی بەلوچستانو پەیامی خۆپێشاندەران بە زمانی نۆروێژی لە لایەن شوانە ئوستادی دوو بڕگەی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە بوونو لە کۆتایی خۆپێشاندانەکەدا هەیئەتێک سەردانی پارڵمانیان کردو داوای خۆپێشاندەرانیان بە نامەیەک لەگەڵ راپۆرتی کۆمیتەی مافی مرۆڤ حیزبی دێموکراتی کوردستان کە کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حدک ئامادەی کردبوو، پێشکەشی کۆمیتەی دەرەوەی پاڕڵمانی نۆروێژ کرد.
شایانی باسە ئەو خۆپێشاندانە بە دەستپێشخەری و پشتگیری ئەو رێکخراوانە بەرێوە چوو،
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵەی کولتووری کوردی ناوچەی رۆمەریکە، کۆمیتەی پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستانو کۆمیتەی پشتیوانی لە سەرۆکی مافی مرۆڤی کوردستان، محەممەد سەدیق کەبوودوەند .
بە گوێرەی هەواڵێکیش کە لە برۆکسێلی پایتەخی بلژیکەوە بە دەستمان گەشتووە، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، 23 ی بانەمەڕ لە سەر بانگەوازی حیزبو لایەنە سیاسیو ڕێکخراوە مەدەنییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستانو بە مەبەستی پشتگیریو پشتیوانی لە سەر هەڵدانی خەڵکی شاری مەهاباد و بۆ هەرچی زیاتر ڕیسوا کردنی سیاسەتی سەرکوت و ئینکاری ڕژیمی ئیلامی ئێران، کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، لە بەر دەرکی باڵوێزخانەی ڕژیمی ئێران لە برۆکسێل، پایتەختی وڵاتی بلژیک کۆبوونەوە.
خۆپیشاندەران بە دانی دروشم و بەرزکردنەوەی وێنەی فەریناز خوسرەوانیو بریندارانی خۆپیشاندانەکەی شاری مەهاباد، ناڕەزایەتی توندی خۆیان دژ بەو ڕژیمە و دەست پێوەندەکانی دەربڕی و داوایان لە کۆمەڵگای نیودەولەتی، بەتایبەت پارلەمانی ئوروپا و کۆڕ و کۆمەلە مرۆڤ دۆست و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد لە ئاست جینایەتو دەغەڵکارییەکانی حکومەتی ئێران بێدەنگ نەبنو هاوکات داخوازی ئازاد کردنی بە پەلە و بێ قەید و شەرتی وبەندکراوانی مەهاباد و باقی شارەکانی دیکە کوردستان بوون.